دراوی 50 هه‌زار دیناری کاریگه‌ری خراپ ناکاته‌ سه‌ر ئابوری عێراق

 
راوێژكاری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ چاپدانی‌ دراوی‌ (50) هه‌زار دیناری‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كی‌ خراپ ناكاته‌ سه‌ر ئابوری‌ عێراق و مامه‌ڵه‌ی‌ رۆژانه‌ ئاسانتر ده‌كات.
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، راوێژكاری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بۆ كاروباری‌ دارایی‌ رایگه‌یاند: بانكی‌ ناوه‌ندی‌ به‌رپرسه‌ له‌ سیاسه‌تی‌ دارای‌ عێراق و له‌ ئێستاشدا دارایی‌ عێراق له‌ بارێكی‌ ناجێگیردایه‌.
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و راوێژكاره‌ی‌ عه‌بادی‌، پڕۆژه‌ی‌ له‌ چاپدانی‌ دراوی‌ (50) هه‌زار دیناری‌ كه‌ له‌ساڵی‌ (2006)ه‌وه‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت و له‌ ئێستادا هاوكاری‌ عێراق ده‌كات له‌ روی‌ دارایه‌وه‌ و هیچ كاریگه‌ریه‌كی‌ خراپی‌ له‌سه‌ر به‌های‌ دینار نابێت به‌ڵكو كاریگه‌ری‌ باشی‌ ده‌بێت.
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، نمونه‌ی‌ به‌ دراوی‌ (25) هه‌زار دیناری‌ هێناوه‌ته‌وه‌ و بە به‌راورد لەگەڵ دۆلاری‌ ئه‌مەریكی‌ و ده‌لێت: له‌ ئێستادا قورسترین دراوی‌ عێراق‌ (25) هه‌زار دیناریه‌ كه‌ هاوتای‌ (21) دۆلاری‌ ئه‌مەریكیه‌‌ و ئه‌گه‌ر (50) هه‌زار دیناریش چاپ بكرێت ئه‌وا به‌های‌ خۆی‌ له‌ده‌ست نادات و كاریگه‌ری‌ باشی‌ ده‌بێت تا ئاڵوگۆڕی‌ رۆژانه‌ی‌ بازاڕه‌كان له‌ دۆلار و دراوه‌ بیانیه‌كانه‌وه‌ بگۆڕێت به‌ دراوی‌ عێراقی‌، چونكه‌ به‌های‌ زۆره‌ و هه‌ڵگرتن‌ و ژماردنی‌ ئاسانه‌.