كۆمپانیای سامسۆنگی تەكنەلۆژیای كۆریای باشوور رایگەیاند ” دوای یەك مانگ لەخستنەڕووی نوێترین بەرهەمی گالاكسی ئێس 6 قەبارەی فرۆشتنی ئەو موبایلە هۆشمەندە 10 ملیۆن یەکەی تێپەراندووە”.
بەرپرسێكی باڵای ئەو كۆمپانیایە رایگەیاندووە ” بۆ یەكەمجارە ئەو كۆمپانیایە بتوانێت لەماوەی یەك مانگ قەبارەی فرۆشتنی لەسەرووی 10 ملیۆن یەكە بێت”.
گالاكسی ئێس 6، نوێترین بەرهەمی سامسۆنگە و بەجۆرێك دروستكراوە پاترییەكەی لەنێو خۆیدایەو بەشێوەیەكی بێتەل دەتوانرێت شەحنی خۆی بكاتەوە، هاوكات(گالاكسی ئێس 6 ئێدج) بەشاشە چەماوەییەکانی تەنیشتەکانی بووەتە جێگای سەرەنجی بەكاربەرانی جیهانی.
یەكەمجار ئەو کۆمپانیا تەكنەلۆژییە جیهانییە، لە 10 نیسانی رابردوو هەردوو بەرهەمی خۆی بەشێوەیەكی فەرمی خستە بازاڕەكانی جیهان.
بەبەراوردیش لەگەڵ بەرهەمەكانی گالاكسی ئێس 5 و گالاكسی ئێس 4، سامسۆنگ بەكەمتر لەیەك مانگ توانی هەر یەكەیان 10 ملیۆن یەكەی لێبفرۆشێت، بەڵام لەبارەی گالاكسی ئێس 6 وادەو كاتی تۆماركردنی ئەو قەبارە فرۆشتنە لەلایەن ئەو كۆمپانیا كۆرییە ئاشكرا نەكراوە.
توێژەرانو چاودێران پێیان وایە، سامسۆنگ رەنگە ئەمساڵ بتوانێت 50 ملیۆن یەكەی گالاكسی ئێس 6 و گالاكسی ئێس 6 ئێدج بفرۆشێت، بەشێكی دیكەش ئاماژەیان بەفرۆشتنی 70 ملیۆن یەكە كردووە.