فرۆشتنی مریشکی زیندوو قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت

 
دوای دەستنیشانکردنی چەند حاڵەتێکی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە سێ  گوندی پارێزگای سلێمانی ، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە بڕیاریدا قەدەخەكردنی فرۆشتنی مریشكی زیندوو، ئەو بڕیارەش خۆپیشاندانی مریشكفرۆشەكانی بەدوای خۆیدا هێنا لە پارێزگاکانی  هەولێر و سلێمانی. 
بەپێی بڕیارەکە دەبێت خاوەن پڕۆژەكانی پەلەوەر پابەندبن بە جێبەجێكردنی مەرجەكانی تەندروستی بۆ رێگەگرتن لە تووشبوونی پەلەوەرەکانیان بەم نەخۆشییە، چونکە نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە تورکیای دراوسێی باشووری کوردستان و 32 وڵاتی دیکەی جیهانی بڵاوبووتەوە. 
وەزارەتی كشتوكاڵ ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی داوەتە مریشكفرۆشەكان تاوەكو ئەو مریشكەی کە هەیانە‌ بیفرۆشن ، دوای ئەوە بەمەرجی وەرگرتنی مۆڵەت ‌و فرۆشتنی مریشكی سەربڕاو رێگەدەدەن دووكانەكانیان بكرێتەوە. ئەو كێشەیە تەنها لە سلێمانی ‌و هەولێر  هەیە و لە دهۆک نییە، چونکە لە دهۆک دەمێکە فرۆشتنی مریشکی زیندوو قەدەغە کراوە. وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکاتەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، 1156 پرۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەریی گۆشت هەن و نزیكەی 65%یان كاردەكەن، تێكڕای بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە 67 هەزار تۆن مریشك، بەڵام بەپێی پێشبینییەكان، توانای هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشك تاوەكو ساڵی 2019 دەگاتە 140 هەزار تۆن.