پارێزگاری بەسرە ئاشکرایدەکات كە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بەسرە داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کردووە قەرزیان پێبدەن، ئەوانیش بە داواکارییەکانیان رازیبوون.
حکومەتی خۆجێی پارێزگای بەسرە ئاشکرایکرد، کە یەکێتی ئەوروپا رەزامەندی پیشانداوە بڕێک پارە وەک قەرز بداتە حکومەتی خۆجێی پارێزگای بەسرە، بۆئەوەی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری بۆ هاونیشمانییان ئەنجامبدات.
ماجید نەسراوی، پارێزگاری بەسرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:” کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوومان لەگەڵ كۆستندێنس كورداسز، جێگری باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ئەنجامدا، هاوکات داوامان لێکردبوون یەکێتی ئەوروپا بڕێک پارە بە قەرز بداتە پارێزگای بەسرە بۆئەوەی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە ئەنجامبدەین کە بەهۆی قەیرانی دارایی لە عێراق وەستابوون، ئەوانیش رەزامەندییان پیشانداوە هاوکاری پارێزگای بەسرە بکەن و بڕێک پارەمان بەقەرز پێبدەدەن، رەزامەندی حکومەتی ناوەندیش وەرگیراوە”.
بەوتەی پارێزگاری بەسرە، وەزارەتی دارایی لەبارەی ئەو قەرزەی یەکێتی ئەوروپا بە پارێزگای بەسرەی دەدات، دڵنیایی تەواوی بە جێگری باڵێوزی یەکێتی ئەوروپا داوە کە وەزارەتی دارایی بڕی ئەو پارەیە لەئەستۆدەگرێت بۆ دانەوەی لەکاتی خۆیدا، لەبەرامبەریشدا كۆستندێنس كورداسز ئاشکرایکردووە، ئەو بڕە پارەیەی یەکێتی ئەورپا بەقەرز دەیدات بە پارێزگای بەسرە، بریتییە لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئەو پارێزگایە.