لەماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە 35 سواڵكەر لە شاری سلێمانی دەستگیر دەكرێت و سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتیش رایدەگەیەنێت هەڵمەتی رێگری كردن لەو دیاردەیە بەردەوام دەبێت.
سۆران عەبدولغەفور سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند لەسەرەتای دەستبەكاربوانی لیژنەی سواڵكردنەوە تا ئێستا زیاتر لە 600 سواڵكەر لە ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری دەستگیر كراون و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە.
ووتیشی تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 35 سواڵكەر دەستگیر كراون كە بەشی زۆریان لە خوار تەمەنی 18 ساڵانەوەن و هەروەها دەست بەسەر ئەو پارانەدا گیراوە كە لە خەڵكیان وەرگرتووە كە بڕەكەی زیاتر لە 400 هەزار دینارە.
سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد هەموو ئەو سواڵكەرانەی كە دەستگیر كراون لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی كە دەستی بەسەردا گیراوە رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە و دواجار دادگا بڕیاردەدات چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
سۆران عەبدولغەفور راشیگەیاند هەڵمەتی دەستگیركردنی سواڵكەر و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەكە بەردەوام دەبێت و داواش لە دامەودەزگا پەیوەندیدارەكان دەكات هاوكاریان بن بۆ ئەوەی بەهەوڵی هەمووان رێگری لەو دیارە ناشارستانیە بكرێت.