وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت لەبری ئەو مادانەی كە لە بەشەخۆراكی ساڵی رابردودا دابەشنەكراون قەرەبوی هاوڵاتیان دەكاتەوەو هەر تاكێكی عێراقی بڕی 25 هەزار دیناری پێدەدرێت.
مەڵاس محەممەد، وەزیری بازرگانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “وەزارەتی بازرگانی لیژنەیەكی دارایی پێكهێناوە لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە و كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك و فەرمانگەی پلاندانان و چاودێری بۆ دیاریكردنی بڕی پارەی قەرەبووی بەشە خۆراك”.
مەڵاس محەممەد وتیشی “ئەو بڕە پارەیەی كە بە پشتبەستن بە ژمارەی دانیشتووان نرخی خۆراكەكان و پشكی هەر تاكێك و ژمارەی ئەو مانگانە دیاریكراوە كە خۆراكیان تێدا دابەشنەكراوە”.
وەزیری بازرگانی عێراق هاوكات دڵنیایی دا كە بڕە پارەی قەرەبووی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیانی عێراق “لە بانكەكاندایە و لە ماوەی دە رۆژی داهاتوودا دابەشدەكرێت، لە بری بەشە خۆراكی چوار مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠١٤ دەبێت و بڕی قەرەبووەكە بە ٢٥٠٠٠ دیناری عێراقی دیاریكراوە”.