کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێشبینی ئەوە دەکات، ئاستی ئابووری یەکێتییەکە لە ساڵی 2015 دا بەرێژەی 1.5% گەشەبکات، ئەمەش 0.2% زیاترە لەو پێشبینییەی لە مانگی شوباتدا کرابوو.
کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە راپۆرتی بەهارەی خۆیاندا، پێشبینیدەکات ئاستی گەشەی ئابووری زۆنی یورۆ لەسەر 1.9% بووەستێت.
لە بەشێک لەم راپۆرتەدا گەشەی ئابووری ئەورووپا بۆ کۆمەڵێک هۆکار گەڕێنرانەوە، لەوانەش بۆ دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، روانگەیەکی سەقامگیری ئابووری جیهانی، دابەزینی نرخی یورۆ، هەروەها 1.1 تریلیۆن پشتیوانی ماڵی بانكی جیهانی و کەمبوونەوەی سیاسەتی سەخت لە بواری بودجەدا.
یۆنان تاکە وڵاتە لە یەکێتی ئەوروپا و زۆنی یورۆدا، کە پێدەچێت لەم گەشەیە پشکدارنەبێت، ئەم وڵاتە پێویستی بە 7.2 ملیارد یورۆیە بۆئەوەی حکومەتەکەی مایەپووچ دەرنەچێت و تەنانەت لە یەکێتی ئەورووپاشدا بمێنێتەوە.
حکومەتی یۆنان هەتا ئێستا نەیتوانیوە لەسەر پاکێجی رێفۆرمی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا رێکبەوێت، بەبێ رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پاکێجە وڵاتانی هاوکار ئامادەنین هاوکارییە مادییەکانیان رەوانەی ئەم وڵاتە بکەن.