لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی بەهەمان شێوەی مانگی ڕابردوو، كار بە خشتەی قەدەغەكردنی سەوزە و میوە دەكرێت، بە پێی پێویستی بازاڕ هاوردەكردنی سەوزە و میوە كراوە دەبێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، بە مەبەستی دانانی ئامادەكاریەكان بۆ دابینكردنی بەرهەمەكانی سەوزە و میوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئەمرۆ یەك شەمە 3/5/2015 ئاوات محەمەد ؛قائیمقامی سلێمانی؛ لە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لیژنەی چاودێری بەرهەمی سەوزە و میوەی هەناردە و ناخۆدا كۆبوویەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: “لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بەو بەرهەمانەكرا، كە لە مانگی ڕابردوودا لە عەلوە و بازاڕەكانی شاری سلێمانی ساغكراونەتەوە”.
لەوبارەیەوە، ڕزگارحەمەخدر ؛جێگری بەرێوەبەری ڤێتەرنەری سلێمانی؛ ڕایگەیاندوە: “بەهۆی زیادبوونی خواستی هاوڵاتیان، لە مانگی ڕابردوودا نزیكەی 15 هەزار و 500 تۆن سەوزە و 8 هەزار تۆن میوە هاوردەكراوە”.
ڕاشیگەیاندووە: “بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی ناوخۆ، كە لە مانگی ئایاردا پێدەگات، بریاردرا كار بە خشتەی قەدەغەكردنی سەوزە و میوە بكرێت بە ڕەچاكردنی بەرووبوومی ناوخۆ، لەگەل دانانی گومرك لە سەر ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەكرێت و بە پێَی ڕێنماییە گومركییەكان هاوردەكردنی بەرهەمەكانی سەوزە بۆ هەر كیلۆیەك بری 250 دینار باجی دەچێتە سەر و بۆ هەر كیلۆیەك میوە بری 350 دینار باجی دەجێتە سەر، هاوردە كردنی بەرهەمەكانیش بە جۆرێك دەبێت كە زیان بە بەرووبوومی ناوخۆ نەگەیەنێت”.
هەر بە پێی ڕاگەیەندراوەكە، قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاندووە: “لیژنەكان بەردەوام چاودێری عەلوەی سلێمانی دەكەن، پێویستە خاوەن نووسینگەكان مۆڵەت دەربكەن و هیچ سەوزەیەك نەخرێتە بازاڕەوە، كە بە ئاوی پیس ئاودرابێت”.