سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: لەماوەی هەشت ساڵی رابردودا بەهای كەلوپەلی جۆراوجۆری هاوردەكراو بۆ عێراق گەیشتوەتە (312) ملیار دۆلار.
ئەحمەد چەلەبی، سەرۆكی لیژنەكەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: كۆی نرخی كەلوپەلی هاوردەكراوی جۆراوجۆر لەلایەن حكومەت و كەرتی تایبەتی عێراقەوە لەماوەی نێوان 2006 بۆ 2014، گەیشتوەتە (312) ملیار دۆلار، لەو بڕەش تەنیا (115) ملیار دۆلاری نرخی ئەو كەلوپەلانەیە كە حكومەت هاوردەی كردون كە خۆی لە سوتەمەنی و پێداویستی وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگریدا دەبینێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەو بڕە دراوە بیانییەی لەڕابردودا رۆژانە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە فرۆشراوە و پاشان رەوانەی بانكە بیانییەكانی دەرەوە كراوە، بەشی زۆری گومانی گەندەڵییان لێدەكرێت.
هاوكات بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراونەتەوە، عێراق بە بەهای 10 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێلی لەوڵاتانی ئەمەریكاو ئەوروپاو ئاسیاوە هاوردەكردوەو لەبەرامبەریشدا كەلوپەلی هەناردەكراوی عێراق زیاتر خۆی لە سوتەمەنیی و ماددەی كیمیایی وەك فسفۆردا دەبینێتەوە.