“پاره‌ی‌ پێویست بۆ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ ته‌رخان نه‌كراوه‌”

ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ ئابوری‌‌و وه‌به‌رهێنان له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، سه‌ر به‌لیستی‌ عێراقییه‌ ئاشكرایكرد، له‌پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵی‌ داهاتووی‌ عێراقدا، كه‌متر له‌ملیارێك دۆلار بۆ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ ته‌رخانكراوه‌.
ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ئه‌خباریه‌ له‌زاری‌ (ناهیده‌ داینی‌)یه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، له‌پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوودا بڕێكی‌ كه‌م پاره‌ بۆ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ كه‌متره‌ له‌ملیارێك دۆلار، وتیشی‌:”به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوو بودجه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام  پاره‌ی‌ پێویست بۆ كه‌رته‌ ئابورییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ وه‌ك، پیشه‌سازی‌‌و كشتوكاڵ ته‌رخان نه‌كراوه‌”.
پێشتر وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراق ڕایگه‌یاندبوو، بڕی‌ پاره‌ی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵی‌ داهاتوو، ده‌گاته‌ (113) ملیار دۆلار‌و (90) دۆلاریش بۆ نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت دانراوه‌.