بەپێی راگەیەندراوێكی ئۆپێك، ئەندامانی وڵاتانی هەناردەكاری نەوتی ئۆپێك خۆیان بۆ كاتی لادانی گەمارۆكانی سەر ئێران ئامادەدەكەن و هەوڵی پاراستنی پشكی خۆیان لە بازاڕی نەوت دەدەن ، ئەوەش بە بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئۆپێك رایگەیاندووە هیچكات ئەوەندە نەوتی زیادە لە خواست لە بازاڕدا نەبووەو ئێستا نزیكەی رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر لە خواستی رۆژانە لە بازاڕدا هەیەو ئەوەش هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی نەوتە لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو بەدواوە.
ئیدارەی زانیاریی وزەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەلایەكی دیكەوە رایگەیاندووە ، ئەندامانی ئۆپێك مانگی رابردوو نزیكەی رۆژانە 30 ملیۆن و 270 هەزار بەرمیلیان بەرهەمهێناوەو تەنانەت پێشبینیشی كردووە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵیش ئەو ژمارەیە زیادبكات بۆ رۆژانە 30 ملیۆن و 360 هەزار بەرمیل.
ئەوە لە كاتێكدایە خواست بۆ نەوتی ئۆپێك زۆر كەمترە لە ئاستی دابینكاری. خواست بۆ نەوتی ئۆپێك مانگی رابردوو رۆژانە 28 ملیۆن و 340 هەزار بەرمیل بووە.