وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی هەناردەكراوی مانگی ئازاری ئاشكراكردو رایگەیاند لەو مانگەدا رۆژانە 2 ملیۆن و 980 هەزار بەرمیل هەناردە كراوە.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: “كۆی گشتی هەناردەی مانگی ئازاری رابردوو گەیشتووەتە (92.4) ملیۆن بەرمیل، داهاتەكەشی گەیشتووەتە (4.477) ملیار دۆلار.
بە وتەی عاسم جیهاد “هەناردەكردن و داهاتی نەوت لە مانگی ئازاردا، بەراورد بە دوو مانگی رابردووی ئەمساڵ، بەرزبوونەوەی نوێی تۆماركردووە”.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق، ئاماژەی بەبڕی هەناردەكردنی نەوت كردووە لە بەندەرەكانی باشوور لە بەسرە كە (84.1) ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتەكەشی (4.060) ملیار دۆلار بووە، هەناردەكردنی نەوتی كەركوكیش (8.3) ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتەكەشی 417 ملیۆن دۆلار بووە.