فه‌ره‌نسا ئاماده‌يی خۆی نیشاندا بۆ چالاكردنی كه‌رتی بازرگانی له‌گه‌ڵ سلێمانی

 
بۆزیاتر ئاگاداربون له‌ په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌كان و به‌ره‌و پێشچونی كه‌رتی بازرگانی له‌نێوان وولاتی فه‌ره‌نساو سلێمانیدا به‌رپرسی به‌شی ئابوری قونسوڵی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی ژووری بازرگانی سلێمانیكرد.

له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌گه‌ڵ باستیان به‌رپرسی به‌شی ئابوری له‌ قونسوڵگه‌ری فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر كۆبۆوه‌ و گفتوگۆكرا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌كان و شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌ نێوان هه‌ردولادا.

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕایگه‌یاند پێویسته‌ وولاتی فه‌ڕه‌نسا كارئاسانی بكات بۆ بازرگانانی سلێمانی تا بتوانن به‌شداری بكه‌ن له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشانگایانه‌ی سالانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ له‌وولاته‌كه‌یاندا تا بتوانین په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێز دروستبكه‌ین بتواندرێت كالاكانی وولاتی فه‌ڕه‌نسا بهێندرێته‌ شاری سلێمانی و هاوولاتیان سودی لێوه‌رگرن.

وتیشی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕه‌وشێكی ئارامی سه‌قامگیردا تێده‌په‌ڕێت هه‌رچه‌نده‌ له‌ شه‌ڕه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ی تیرۆرستی دایه‌له‌ جیاتی هه‌موو جیهان به‌لام جیاوازتره‌ له‌ شاره‌كانی خواروی عێراق بۆیه‌ پێویسته‌ فه‌ڕه‌نسا هه‌میشه‌ به‌ جاوێكی جیاوازه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕوانێت و كاربكات بۆ پێشخستنی كه‌رتی بازرگانی و پیشه‌سازی و كشتوكاڵی له‌ نێوان هه‌ردولادا.

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی داواشیكرد كه‌ قونسوڵگه‌ری فه‌ڕه‌نسا كارئاسانی پێدانی فیزابكات به‌و بازرگانانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ژووری بازرگانیه‌وه‌ باوه‌ڕپێكراون تا بتواندرێت به‌شێوه‌یه‌كی باش هاتوچۆی بازرگانان هه‌بێت.

لای خۆشیه‌وه‌ به‌رپرسی به‌شی ئابوری له‌ قونسوڵگه‌ری فه‌ڕه‌نسا خۆشحاڵی خۆی ده‌ربری به‌هه‌مو ئه‌وشتانه‌ی سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پێی ڕاگه‌یاند وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كار له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و خالانه‌ ده‌كه‌ن و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان و گه‌شت به‌ ڕێكه‌وتنێك له‌و بوارانه‌دا.