ئێران غازی سروشتی رەوانەی عێراق دەكات و كۆمپانیای نیشتیمانی غازی ئەو وڵاتەش دەڵێت هەنگاوە بەراییەكان بۆ ناردنی ئەو غازە دەستیپێكردوە.
لەبەیاننامەیەكیدا كۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێرانی (NIGC) رایگەیاند “تاقیكردنەوە بەراییەكان لەسەر زیاتر لە 50 كیلۆمەتر لەهێڵی گواستنەوەو هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ عێراق بەئەنجام گەیەنراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەداهاتودا دوا تاقیكردنەوە بۆ بۆرییەكانی گواستنەوە دەكرێت كە درێژیەكەی 47 كیلۆمەترەو غازی سروشتی لەناوچەی ئیلامەوە بۆ عێراق دەگوازێتەوە.
بەپێی گرێبەستێكی نێوان بەغداو تاران، پێویستە رۆژانە لەلایەن ئێرانەوە وەك سەرەتایەك چوار ملیۆن مەتر سێجا لەغازی سروشتی رەوانەی عێراق بكرێت و دواتریش ئەو بڕە غازە بۆ 40 ملیۆن مەتر سێجا زیاد بكرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا، سوتەمەنی بۆ چەند وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبای عێراقی دابین دەكرێت و ئەوەش دەبێتە هۆی دابینكردنی كارەبا بۆ 160هەزار خێزانی عێراقی.