“دۆخی ئابووریی عێراق زۆر مەترسیدارە”

پەرلەمانتارێكی عێراق رایدەگەیەنێت لەئێستادا عێراق 79 ملیار دۆلار قەرزدارە و دەشڵێت ” لەئێستادا دۆخی ئابوریی وڵات زۆر مەترسیدارە”.
 
نەوال جومعە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەدەكات “لەئێستادا دۆخی ئابووری عێراق زۆر مەترسیدارە، چونكە عێراق هیچ یەدەگی نەختی نەماوە و قەبارەی قەرزەكانی حكومەت گەیشتووەتە زیاتر لە 79 ملیار دۆلار كە لە حكومەتی پێشووەوە ماوەتەوە.
 
نەوال جومعە ئاماژە بەوەشدەكات ” پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بەزویی بڕیاری راگرتنی هەموو خەرجییەكان بدات كە باری بودجەیان قورس كردووە”.
 
پەرلەمانتارەكەی رەوتی سەدر دەشڵێت ” عێراق لە ساڵی 2014 نزیكەی ١٧١ ملیار دۆلاری خەرج كرد، ئەو قەبارەش بە نزیكەی ٥٠ ملیار لە قەبارەی بودجەی ساڵی ٢٠١٤ زیاترە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەكی دروست و گونجاو بجوڵێینەوە بۆ خۆپاراستن لەو دەرئەنجامانەی كە دەكرێ لە چەند مانگی داهاتوو دەربكەون و ببنە هۆی ئەوەی دەوڵەت نەتوانێ مووچەی فەرمانبەران بدات”.
 

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكردوە ” لەئێستادا عێراق خاوەنی گەنجینەیەكی بەتاڵە و بڕی 79 ملیار دۆلاریش قەرزدارە.