مەرزێكی دیكەی كوردستان دەكرێتە نێودەوڵەتی

وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق رەزامەندی لە سەر بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ‌ كە دەكەوێـتە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانەوە دەدەن.
 
هۆشیار عەبدڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكیدا راگەیاند ” هەریەك لە وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق رەزامەندیان دەربڕیوە لە سەر بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ‌ لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران”. هۆشیار عەبدڵڵا ئاماژەی بەوەشكرد “بە نێودەوڵەتیكردنی ئەو مەرزە كاریگەری باشی لە سەر بووژانەوەی ناوچەكە و گەشەی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەبێت.
 
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق وتیشی:” زۆربەی كارەكانی بە نێودەوڵەتیكردنی ئەو مەرزە تەواوبوونە و بە نووسراوی فەرمی داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە كارەكانیان لەو پرسە رایی بكەن”.
 

زیاتر لە 20 ساڵە بەشێوەی نافەرمی مامەڵەی بازرگانی لە سنووری كێلێ دەكرێت و هاوڵاتیانی دەڤەری پشدەر و بیتوێن بە بەردەوام یەكێك لە داواكارییەكانیان بە نێودەوڵەتیكردنی ئەو مەرزە بوە.