“هەر وڵاتێك توانای بەرهەمهێنانی خۆراکی نەبێت توانای بەرگەگرتنی هیچ جۆرە فشارێكی نابێت”

له‌م گفتوگۆیه‌ی گۆڤاری بازرگانی‌و پیشه‌سازییدا، بڕوا خالد شاكر مامۆستای یاریدەدەر، لەبەشی زانستی خۆراك – فاكەڵتی زانستەكشتوكاڵەیەكان  – زانكۆی سلێمانی، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ “هەر وڵاتێك كە توانای بەرهەمهێنان‌و دەست كەوتنی خۆراكی نەبێت بۆ دانیشتوانەكەی، ئاسایشی نەتەوەیی‌و ئابوری‌و سیاسی لەمەترسیدا ئەبێت”

* ئاسایشی خۆراك چی دەگەیەنێت؟

– وشەی ئاسایش بریتیە لەپارێزگاری كردنی مرۆڤ لەهەر بارودۆخێكی مەترسیدار كە ببێتە هۆی پێشێلكردنی مافەكانی، بارودۆخێكی مەترسیداریش هەریەك لەتاوان‌و برسێتی‌و نەخۆشی‌و بێكاری‌و پیسبوونی ئاوهەوا ژینگە ئەگرێتەوە، هەربۆیە چەند جۆرێك لەئاسایش هەیە وەك ئاسایشی خۆراك – ئاسایشی ئاو – ئاسایشی ژینگە – ئاسایشی كۆمەڵایەتی – ئاسایشی ئابوری – ئاسایشی رۆشنبیری – ئاسایشی نەتەوەیی – لەم جۆرانەی ئاسایشدا ئەتوانین بڵێین ئاسایشی خۆراك پایەیەكی گرنگە‌و پەیوەندی هەیە بەهەموو جۆرەكانی ترەوە. ئاسایش خۆراك: بریتیە لەلێكۆڵینەوە لەكێشەی (كەمی خۆراك)و (سەلامەتی خۆراك)و كەمی بەرهەمی خۆراكی‌و بەرزبونەوەی نرخی ماددە خۆراكیەكان پەیوەندی نێوان زۆر بەكارهێنانی خۆراك‌و ڕێژەی دانیشتوان و بەشێوەیەكی تایبەتمەندتر ئەگەر وردتربینەوە لەئاسایشی خۆراك: بریتیە لەهەبوونی توانای ئابوری و ماددی بۆ سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگە بۆ دەستكەوتنی خۆراكە بنچینەیەكان‌و دابین كردنی ژیانێكی تەندروست‌و چالاك.

*خۆراكی بنچینەیی یان خۆراكی تەواو چیە؟

– بەشێوەیەكی گشتی خۆراك بریتیە لەو ماددانەی كە تامێكی خوازراوی هەبێت‌و بتوانرێت بەئاسانی بجورێت‌و قوت بچێت ‌و هەرس بكرێت هەڵبمژرێت لەجەستەدا خۆراكی بنچینەی یان تەندورست ئەو خۆراكانەن كە پێداویستیە سەرەكیەكانی گرنگ بۆ جەستەی مرۆڤی تیایە وەك پرۆتین و چەوری‌و كاربۆهیدرات ‌و ڤیتامین‌و كانزاكان كە رۆژانە دەبێت وەریبگرێت بەپێی ڕێنمای رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO  بۆ كەسێكی پێگەیشتو (ئاسایی) ڕۆژانە بڕیی 2500 كیلۆ گەرمۆكەی دیاری كردووە كەئەم ڕێژەیەش وەك فاكتەری ناوەند (معدل) وەرگیراوە چونكە پێش گەرمۆكە وزە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ئەگۆڕێت و بەپێی تەمەن و ڕەگەزیش دووبارە دەگۆڕدرێت واتە كەسێكی بەساڵاچوو جیاوازە لە منداڵێك یان هەرزەكارێك جیاوازە لە ئافرەتێكی دووگیان یان كرێكارێك جیاوازە لەفەرمانبەرێك.

*ئایندەی ئاسایشی خۆراك لەجیهاندا روه‌و چ ئاڕاسته‌یه‌که‌؟

– بەپێی دواین ئاماری ڕێكخراوی كشتوكاڵی جیهانی  فاو FAO نزیكەی 12.5% ی جیهانی كە دەكاتە 868 ملیۆن كەس بەدەست نەبونی خۆراكەوە دەناڵێین و لەهەمانكاتدا 26% منداڵانی جیهانی بەدەستی بەدخۆراكی (سوْ  التغزیە) دەناڵێنین كە بووە بەهۆی كورتی باڵایان و لەبەرامبەرشیدا 1.4 ملیار كەس بەدەست قەڵەوی و قەڵەوی لە ڕادەبەدەر ئەناڵێنین لێرەدا گرنگە دوو تەوەر لەیەك جیابكەینەوە كە ئەویش بەدخۆراكی Malnutrition  بە برسیەتی ‌و نەبوونی خۆراك Hanger خۆراكی ناتەندروست. بەدخۆراكی بریتیە لە بونی خۆراكێكی ناتەواو یان نا هاوسەنگ لەڕووی پێكهاتەوە واتە زیاتر لە پێكهاتەیەك نیە لە خۆراكەكەدا كە ئەمەش وا ئەكات بری ووزەی سەرەكیترین جۆر نەبوونی ئاسن‌و یۆدە 1.9 ملیار دەست كەوتوو كەمبێت لە ئاستی پێویست دانەبێت لە هەمان كاتدا توش بون بە هەندێ نەخۆشی كەم بوونەوەی بەرگری لەش وە دابەزینی كێش نەمانی ئارەزوو بۆ خواردن هەندێك جار سك چون كە بەزۆری دووچاری منداڵان دەبێتەوە، وە بەدخۆراكی دەكرێت بە دوو بەشەوە:

A : بەدخۆراكی درێژخایەن: لەمنداڵ‌و هەرزەكارەكاندا كێشە دروست ئەكات ناهێڵێت كێش‌و قەبارە زیاد بێت.
B: بەدخۆراكی سەخت (توند) لەبەتەمەنەكاندا ڕووئەدات ئەبێتە هۆی سەرف كردنی وزەی خەزن كراوی لەشیان و پاشان نەمانی هاوسەنگی وزەی وەرگیراو سەرفكراو دواجار توشی پوكانەوە بون دەبێت، بەڵام زاراوەی برسیەتی Hunger  یان نەبونی خۆراك باری ئەوكەسانە دەگرێتەوە كە ئەو خۆراكە دەستیان ئەكەوێت ڕێژەی پێویستی وزە یان گەرمۆكە وزەیە تیا نیە كە پێویستە بۆ كەمترین ئاستی ژیانیان لەڕووی فەسلەجیەوە واتە ئەو خۆراكەی دەیخۆن هیچ بەهایەكی خۆراكی نیە كە ڕێژەی ئەم كەسانە نزیكەی 868 ملیۆن كەسە 98% لەوڵاتە هەژارەكانن ئەو ڕێكخراوانەشی كە لەخەمی خۆراك ئاسایشی خۆراكە وەك FAO – WFP یان كار بۆ خۆراكی تەندروست ئەكەن بەبەردەوامی پلانیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی برسیەتی بۆ كەمترین ئاست بەو پێیەی كە ساڵانی 1995 – 1997 ڕێژەی برسیەتی لەجیهاندا 17% بووەو وا چاوەڕوان دەكرێت بۆ 2015 بگاتە 7% ، وەلەوەش وردتر پلانەكانیان بەو جۆرەیە كە بۆساڵی 2030 ڕێژەی نەبونی خۆراك یان برسیەتی لە 400 ملیۆن كەس تێنەپەڕێت لە جیهاندا ئەمەش بەپشت بەستن بە

1- چركردنەوەی بەردەوامی بەرهەمهێنانی خۆراك لەوڵاتە پێشكەوتوەكان وە ئەوانەی ئەندامن لەو ڕێكخراوانەدا
2- باش كردنی ئاستی تەكنیكی جوتیار و ئەوكەسانەی لەبواری كشتوكاڵ كاردەكەن
3- دابین كردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژە درێژخایەنانە
4- باش كردن‌و گەشەپێدانی بەروبومە چین گۆڕاوەكان
5- بوژانەوەی لادێ كان‌و دروست بوونی كۆچی پێچەوانە
6- بەكارهێنانی تەكنیكی تازەو سود وەرگرتن لە توێژینەوە
7- راگرتنی نرخی خۆراكە ستراتیژیەكان
8- خۆ ئامادەكردن بۆ كارەساتە سروشتی و نەخوازراوەكان
*ئاسایشی خۆراك لەكوردستاندا چۆنە؟ لە ئایندەدا چۆن دەبێت؟
– هەر وڵاتێك كە توانای بەرهەمهێنان‌و دەست كەوتنی خۆراكی نەبێت بۆ دانیشتوانەكەی توانای بەرگەگرتنی هیچ جۆرە فشارێكی نابێت واتە ئاسایشی نەتەوەیی‌و ئابوری‌و سیاسی لە مەترسیدا ئەبێت بە تایبەتی لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە پێوەندیە سیاسیەكان زۆر ئاڵۆز‌و نادیارو لە بارێكی جێگیردا نیە و لە لەرینەوەدایە هەر جارەو بەلایەكدا، بۆیە ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆت لەخۆراك (بەشی خۆ لە خۆراك) باشترین پێوەرە بۆ دیاریكردنی ئاستی ئاسایشی خۆراك كە بەداخەوە ئێمە بەپێی ئەو پێوەرە ئاستەكەمان زۆر لاوازە بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی ئەتوانین بەم شێوەیە ئاستەكان دابەش بكەین بەپێی دابەشبوونی كۆمەڵگاكان چوار جۆرمان هەیە:
1- ئەو كۆمەڵگایانەی كە سەرچاوەی كشتوكاڵیان هەیە وەك (زەوی كشتوكاڵی‌و ئاوی ژێرزەوی)و توانای مرۆی ‌و دارایی پێویستیان هەیە، ئاستەكانیان لە جۆری ئاسایشی خۆراكی دابین كراوی بەردەوامە چونكە هەموو پێداویستیەكان دێتە بەرهەمە
2- كۆمەڵگا هەیە سەرچاوەی سەرەكی كشتوكاڵی نیە (زەوی‌و ئاو) بەڵام توانای مادی هەیە ئەتوانێت هاورەدەی بەرهەمی سیانی بكات بۆ ماوەیەكی كاتی بەڵام بەمەرجێك لە دۆخێكی هەرێمی نێودەوڵەتی ئیستقرار و پڕ لە ئاشتی دابێت هیچ كاتێك خۆرا كوەك كارتی فشار بەكارنەهێنرێت بۆ حەسم كردنی هەندێك بڕیاری سیاسی یان تاچەند لەم حاڵەتەدا توشی تیرۆری خۆراك نابێت
3- كۆمەڵگایانەی كە سەرچاوەی كشتوكاڵیان هەیە بەڵام توانای ئابوریان نیە بۆ بوژاندنەوەو بەرهەمهێنان‌و بەكارهێنانی ئاسایشی خۆراكی لەمەترسیدایە بۆ ماوەیەكی کاتی بەڵام لە داهاتووا ئەتوانێت خۆی نەجات بدات
4- ئەو كۆمەڵگایانەی كە هیچ سەرچاوەیكی كشتوكاڵی نیە وە هیچ دەرامەتێكی نیە لەڕووی ئابوریەوە ، بەبەردەوامی وە بەردێژخایەنی كێشەی ئاسایشی خۆراكی هەیە بەڵام ئایا لە كوردستان لەكوێی ئەم كۆمەڵگایانەدایە بە تەئكید لەو جۆری یەكەم بەڵام خەمخۆرو پلان دانەری نیە یان بوونی نەوت ئەم سێكتەرەی بێ بایەخ كردووە بەڵام لەبەرئەوەی كە بڵێین ئێمە ئاسایشی خۆراكمان نیە.

هەروەها چەندەها پێوەری ترمان هەیە كە ئاستی ئاسایشی خۆراك دیاری ئەكات وەك
1- ڕێژەی بەرهەمە كشتوكاڵیە ناوخۆیەكان بەبەراورد بە هاوردەكراوەكان
2- ڕێژەی خەرجكردنی پارە بۆ كڕینی خۆراك بەراوردی بەداهاتی تاك
3- ڕێژەی خواردنی خەزن كراو (عەمباركراو) بەبەراورد بە بەكارهێنانی ساڵانە
4- ڕێژەی بەشداری سێكتەری كشتوكاڵ لە داهاتی ناوخۆیی
5- یاری كردنی بەرهەمی ساڵانەی كشتوكاڵ

ئەمانە هەمووی پێوەرن بۆ دیاری كردنی ئاستی ئاسایشی خۆراك لە هەركۆمەڵگەیەكدا كە بەداخەوە ئێمە ئەم لایەنەمان زۆر پەراوێز خستەوە لەكاتی ڕوودانی كارەساتی سروشتی یان سیاسی نەهاتنی و نەبوونی خۆراك بەدڵنیایەوە توانای بەرگەگرتنمان نابێت‌و ئاسایشی ئابوری و پاشان ئاسایشی نەتەوەی بەرەو هەڵدێر ئەڕوات باشترین نمونەش بۆ عیبرەت وەرگرتن نەبوونی موچەو بودجە لەم چەند مانگەدا باشترین پێوەرە بۆ زانینی بارودۆخەكەمان

* پلان‌و چارەسەر چیە؟

– 1- پرس كردن بەكەسانی شارەزاو لێزان لەم بوارەدا
2- بوژانەوەو گەڕانەوەی زەویە كشتوكاڵیەكان كە بەداخەوە خەریكە هەمووی دەكرێت بە شوێنی نیشتەجێ بوونی تەرفیهی
3- بایەخدان بە لادێ كان‌و پاڵپشتی كردنی جوتیاران نەهێشتنی هەژاری لەڕووی ماددیەوە
4- گەران بەدوای ئەو كەسانەی كە بەرهەمەكانیان باشەو لەسەر ئاستی فەردی و بەتوانای خۆیان كاردەكەن
5- كردنەوە‌و دامەزراندنی كارگەی پیشەسازیە خۆراكیەكان
6- برەودان بە ماسی و سەرچاوە ئاویەكان
7- خۆئامادەكردن بۆ كارەسات‌و نەهامەتی بە دابین كردنی خۆراك لە كاتی پێویست ا
8- عەمباركردنی خۆراك لە ڕێگەی تەندروست‌و تەكنیكی تازە
9- دابینكردنی پێداویستی كشتوكاڵی بۆ جوتیار
10- بەكارهێنی پڕۆژەی كشتوكاڵی هەمەلایەنە لەیەك كاتداو واتە (پڕۆژەی تەواو كاری یەكتری)
11- بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری خۆراكی
12- سودوەرگرتن لە توێژینەوە كانی زانكۆۆ پەیمانگاكان
13- هەڵمەتی وشیاركردنەوەی كۆمەڵ
14- سەلامەتی خۆراك ‌و دەزگاكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵ زۆربكرێت ‌و بەرەو پێش ببرێت
15- پشت نەبەستیت تەنیا بە باران‌و سود وەرگرتن لە بەنداو ئاوی ژێر زەوی بەفیڕۆنەدانی ئاو
16- چارەسەری ئاگركەوتنەوەو سوتانی بەروبومەكان
17- چارەسەرو پلانی پێشوەختە بۆ ئافاتی كشتوكاڵی
18- چڕكردنەوەی كشتوكاڵ لە ڕوبەرێكی كەمدا
19- بەخێوكردن‌و پەرەپێدان بە لایەنی ئاژەڵداری و چارەسەری بەردەوامی نەخۆشیەكان تیایاندا
20- مەسح كردنی زەوییە كشتوكاڵیەكان
21- پاڵپشتی كردنی نرخی بەرهەمە نێوخۆیەكان
22- دروست كردنی پردی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ڕێكخراوە خۆراكیەكان وەك
ڕێكخراوی كشتوكاڵی جیهانی FAO
ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی Gatt
ڕێكخراوای تەندروستی جیهانی WHO
ڕێكخراوی بەرنامەی خۆراك WFP
دەستەی دەستوری خۆراك FSA
23- سەرژمێری كردن لە كوردستان