ئەندامێكی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت ئاستی هەناردەی نەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرزبوەتەوەو دەشڵێت ” چاوەڕێدەكرێت لە مانگی داهاتودا رێژەی بەرهەمی نەوت بگاتە سێ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا”.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكیدا راگەیاند” لە ئێستادا و بە تایبەت لەم مانگەدا هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە نێوان دوو ملیۆن و 800 بۆ دوو ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەبووە.
نەجیبە نەجیب ئاماژەی بەوەشكرد ” پێدەچێت لە سەرەتای مانگی ئایار رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ سێ ملیۆن بەرمیل لەرۆژاێكدا بەرز ببێتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان ئاشكراشیكرد “بەپێی بودجەی 2015، دەبێت تا كۆتایی ئەم ساڵ هەناردەی نەوت بگاتە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، لە كاتێكدتاا ئێستا نەگەیشتووەتەوە سێ ملیۆن بەرمیل، بەڵام ئێستا هەموو هەوڵەكان بە ئاڕاستەی زیادكردنی هەناردەی نەوتن بەتایبەتی باشووری عێراق، تەنانەت هەوڵی ئەوەش دەدرێت بەرهەمی بۆری نەوتی ئوردن بۆ دەریای سور زیاد بكرێت.