لەڕێی ژووری بازرگانیەوە بازرگانانی ئێران دەهێنرێنە سلێمانی

كار بۆ ئەوە دەكرێت ئەو بازرگانانەی لە ووڵاتی ئێرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان لەڕێگەی ژوورە بازرگانیەكانەوە بێت تا هیچ گرفتێك بۆكاری بازرگانان دروست نەبێت.
 
لە سەردانێكدا بۆ كونسوڵخانەی ئێران لە شاری سلێمانی هەریەكە لە سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور و یاسین ڕەحیم جێگرانی سەرۆكی ژوور و دلاوەر سۆفی و ئازاد شمقار ئەندامانی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشە سازی لەگەڵ كونسوڵی ئێران كۆبونەوە.
 
كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە كێشەو گرفتەكانی بازرگانان لەنێوان هەردوولادا و تیایدا هەوڵ بۆچارەسەركردنی كێشەكان درا.
 
سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند ” لەئێستادا كاری سەر مەرزەكان لە نێوان هەردولادا بەرەو باشبون دەڕوات وە هیوادارین كاری زیاتر بكرێت و ئەو گرفتانەی بۆ بازرگانانی كورد دروست دەبێت نەمێنێت.
 
ئاماژەی بەوەشدا “لە ئێستادا هەزار دۆنم زەوی ئامادەكراوە بۆ كارگەكانی ووڵاتی ئێران بەڵام تا ئێستا ئەو كارگانەی ووڵاتەكە نەهاتون بەدەنگ ئەو زەویەوە ئەگەر هەروا بەردەوامبن و نەیەن ئەو ناچارین ئەو زەویانە بدرێت بە كارگەی ووڵاتانی دیكەی ئەوروپا.
 
سیروان محەمەد داواشیكرد “كە لە ڕێگەی كونسوڵیەتەوە هەوڵبدەن كاری بازرگانان لە نێوان هەردولادا كار ئاسانی بۆ بكرێت و گرفت لەسەر سنورەكان بۆ بازرگانان دروستنەكرێت .
 
یاسین ڕەحیم جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد “ئێمە لە ساڵی 2003 وە كۆمیتەیەكی هاوبەشی سلێمانی و كوردستانیمان هەیە كە كارمانكردووە بۆ چارەسەركردن و باشكردنی كاری بازرگانی وە لە ئێستاشدا ئەو كۆمیتەیە زۆر كاری كردووە، بەشێوەیەك هەر بازرگانێك كە لەشارەكانی ئێرانەوە بێت و هەڵگری كارتی بازرگانی بێت و پشگیری ژووری بازرگانی ئێرانی پێ بێت ئەوا كاری بۆكراوە و كارئاسانی بۆدەكەین وە بێجگە لەوە مانگانە ئەم كۆمیتەیە لە مەرزی باشماخ كۆبونەوەی خۆی ئەنجامداوە بۆ ئاگاداربون لە هەركێشەیەك و چارەسەركردنی گرفتەكان.
 
لای خۆشیەوە كونسوڵی ووڵاتی ئێران لە سلێمانی خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند لەبەرامبەر سەردانكردنی شاندی ژووری بازرگانی سلێمانی وە ئاماژەی بەوەدا “بەهەموو توانایەكمانەوە كاردەكەین بۆئەوەی پەیوەندیە بازرگانیەكان و ڕەوشی بازرگانی لەنێوان سلێمانی و ئێراندا پتەو بكرێت.
 
وتیشی ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین كە بازرگانانی ئێران لەڕێگەی ژووری بازرگانی سلێمانیەوە بێنە كوردستان.