بەهۆی زۆربونی خانوی پلاستیكیەوە، بەرهەمی سەروزە لە هەرێمی كوردستان بەڕێژەی %50 زیادی كردوە.
كەمال محەممەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی خانووی پلاستیكی لە وەزارەتی كشتوكاڵ لەلێدوانێكیدا رایگەیاند” سەرەتا وەكو ئەزموون خەیار و تەماتەیان لەژێر خانووە پلاستیكیەكان چاندووە. دوای سەركەوتنی پرۆژەكە، بۆ جێگیركردنی سیستەمەكە لەنێوان ساڵانی 2007 تا 2011 نزیكەی 1600 خانووی پلاستیكییان بەخۆڕایی بۆ ساڵی یەكەم دایە جوتیاران، بۆ دوو ساڵی دووەمیش بەپاڵپشتی 75%ی نرخ، بەسەر جوتیارانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستانیان دابەشكردووە، لەو كارەشدا دوو ئامانجیان هەبووە سەرنجڕاكێشانی جوتیاران و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی”.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە ساڵی 2007دا جوتیارانی كوردستان 239 هەزار تۆن سەوزەیان بەرهەمهێناوە، بەڵام ئەم بڕە بەهۆی خانووی پلاستیكییەوە لە ساڵی 2013دا گەیشتووەتە 481 هەزار تۆن. بەمەش توانراوە 49%ی پێداویستی ناوخۆ لە سەوزە پڕ بكرێتەوە.
هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەئێستادا زیاتر 7611 خانوی پلاستیكی لە هەرێمی كوردستاندا هەن و لەكۆی ئەو ژمارەیەش 4975 خانووی پلاستیكی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدان.