بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی گەنمو پەتاتە گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنیو لە ڕێگەی سەپاندنی باجیشەوە هەوڵی پاراستنی بەروبوومی كشتوكاڵی دەدرێت.
دكتۆر ئەنوەر عومەر بەرێوەبەری گشتی پلاندانانو بەدواداچون لەوەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە، لە بەرهەمهێنانی گەنمو پەتاتەدا هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنی، هەروەها لە گۆشتی مریشكو هێلكە ئاستەكە مامناوەندیەو لەسەدا ٥٤ بۆ لەسەدا ٦٠ دەبێت، بەرهەمی سەوزەش لەسەدا 60و میوەش لەسەدا 40ی پێداویستیەكانی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە، گۆشتی سوریش لەسەدا 50 بۆ لەسەدا 60ی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوەو ئەوەی دیكەی لەدەرەوە هاوردە دەكرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر لە شیر لە دەرەوە هاوردە دەكاتو تەنها لەسەدا 34ی ئەو بەرهەمە خۆماڵیە.
راشیگەیاند: ئەمساڵ بەگشتی بەروبووم بەراورد بەساڵانی رابردوو كەمترە، بە تایبەتی سەوزە كە لە ساڵانی رابردوو زۆربەی سەوزەی هەرێم و بەتایبەتی هەولێر لەو ناوچانە بەرهەم دەهاتن كە ئێستا نزیكترین ناوچەن لە بەرەكانی شەڕ، بۆیە جوتیاران بەمەترسی دەزانن لەو زەویانە بەروبومی كشتوكاڵی بەتایبەتی گەنم بچێنن، چونكە ترسی گڕگرتنی هەیە.
وتیشی، ساڵانە لە وەرزی بەهار تەماتەو خەیار لە سامەراو بەسرەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان دەكران تا كۆتایی مانگی ئایار، كە ناوچەكانی ئەوان گەرمتر دەبوون ئێمە ئەو بەروبوومانەمان هەناردە دەكرد بۆیان، بەڵام ئەمساڵ زۆرترین بەرهەمەكان لە ئێران و توركیاوە دێت، بۆ پاڵپشتی كردنی بەرهەمی ناوخۆش، ئەمساڵ كە بەروبوومی نێوخۆیی پێگەیشت باج دەخەینە سەر بەرهەمانەی لە دەرەوە هاوردە دەكرێن، تا بتوانین پشت بە بەرهەمی خۆمان ببەستین.
ز.ر