هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەكان لە شاری سلێمانی بەردەوامەو سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش رایدەگەیەنێت لە هەڵمەتەكەیاندا هەموو ئەو زێدەڕۆییانە لادەبەن كە كراونەتە سەر موڵكی گشتی و ئاستەنگ و گرفتایان بۆ هاوڵاتیان دروست كردووە.
لیژنەی لابردنی زیادەڕۆییەكان بەردەوامە لە هەوڵەكانیان بۆ لابردنی هەموو ئەو زیادەڕۆییانەی كە دەكرێنە سەر موڵكی گشتی و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڕەكی خەباتی شاری سلێمانی ئەو زیادەڕۆیانە لابران كە لە لایەن خاوەنی ماركێت و كاسبكارانەوە كراونەتە سەر موڵكی گشتی و شۆستەو شەقامەكان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكارهێنراوە .
سۆران عەبدولغەفور سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند “هەڵمەتە بەرفراوانەكەیان بۆ لابردنی زیادەڕۆییەكان بەهاوكاری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەردەوامەو لە گەڕەكی خەباتی شاری سلێمانیش لیژنەكە هەموو ئەو زیادەڕۆیانەیان لابرد كە لەلایەن كاسبكاران و خاوەنی هەندێك لە ماركێت و دووكانەكانەوە كرابوونە سەر موڵكی گشتی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد “هەڵمەتەكەیان بۆ زیاتر رێكخستنی شار و لابردنی ئەو زیادەڕۆیی و بەربەستانەیە كە ئاستەنگی زۆری لە بەردەم هاوڵاتیاندا دروست كردووە.
سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند “هەڵمەتەكەیان هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە زیادەڕیی تێدا كراوەتە سەر موڵكی گشتی و ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی یە .
ووتیشی “لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن و هەڵمەتەكە هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە زیادەڕۆی تێدا كراوە و موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكارهێندراوە.