بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان: داهاتی ئاوی دوكان كەمدەكات

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان، ئەندازیاری شارەزا “حەمە تاهیر جەلال عەزیز” لەم گفتوگۆیەی گۆڤاری “بازرگانی‌و پیشەسازی”دا ئاماژە دەڵێت “لەڕووی بڕی گل دانەوەی ئاوەوە، بەنداوی دوكان، سێهەم بەنداوە دوای بەنداوی موسڵا‌و حەدیسە لەعێراقدا‌و یەكێكە لەپڕۆژە ستراتیجیە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان”.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئێستا ئاوی بەنداوی دوكان لە چ ئاستێكدایەو بەراورد بەساڵی رابردوو چەندە؟
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان: ئاستی ئاو لەبەنداوی دوكان ئەمڕۆ (485.22)م لەڕووی ئاستی دەریاوە لەم ئاستەدا دەریاچەی دوكان (1.9) ملیار مەتر سێ‌ جا ئاوی تیایە. لەكۆی 7 ملیار مەتر سێ‌ جا، كە دەریاچەكە دەیگرێت، ئەمە رێژەیەكی كەمە بەڵام بە بەراورد لەگەڵا ساڵی پاردا لەهەمان ئاستداین، بەڵام لەڕووی بارین بارینەوە ئەو بڕە بەفرەی كە باریوە كەمترین لەساڵان.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: زۆریی بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە چ كاریەگەرییەكی لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەكە دروستدەكات؟
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان: بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەمانگەكانی تشرینی یەكەم‌و تشرینی دووەم، كانونی یەكەم زۆر بەرز بوو بەهۆی پێداویستیەكانی هاوڵاتیان ئەوە بووەتە زۆر بەركارهێنانی ئاوی دەریاچەكە.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئاوی دوكان پێداویستیەكانی ئاوی چەند شارو شارۆچكە دابین دەكات؟
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان: ئاو هەمیشە بەردەدرێتەوە بۆ پێداویستیەكانی ئاوی خواردنی پارێزگای سلێمانی‌و تاسڵوجەو بازیان‌و چەمچەمال‌و پارێزگای كەركوك‌و دوزخورماتوو، لەڕووی ئاودێرییەوە بەكارهێنانی سنووردارە لەناوچەكانی تەق تەق‌و دەشتی كۆیەو گوندەكانی سەر زێی دوكان‌و بەفراوانی لەپڕۆژەی ئاودێری كەركوك‌و حەویجە.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: دروستكردنی بەنداو لەلایەن ئێرانەوە لەسەر زێی بچوك، ئایا مەترسی بۆ ئاوی بەنداوی دوكان دروستناكات؟
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان: ئێران بەنیازە چەند بەنداوێكی گەورەو ناونجی لەسەر زێی بچوك دروست بكات لەناوچەی بانەو سەدەشت كە تەواوبونیان دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو داهاتی ئاوەی بۆ بەنداوی دوكان دێت.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا حكومەتی ناوەندی عێراق هیچ دەسەڵاتێكی هەیە لەئیدارەكردنی بەنداوەكەدا؟
 

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان: نەخێر، بەنداوی دوكان كە یەكەم بەنداوە لەعێراقدا دروست كراوە لەساڵەكانی (1954 – 1959) تا ئەمڕۆش لەڕووی پێكهاتەو جۆریەوە یەكەم بەنداوە لەعێراقدا، بەڵام لەڕووی بڕی گل دانەوەی ئاو سێهەم بەنداوە دوای بەنداوی موسڵا‌و حەدیسە‌و یەكێكە لەپڕۆژە ستراتیجیە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان‌و ئیدارەو سەرفیات لەسەر بەنداوەكەو ئیشپێكردن‌و چاكسازی تیایدا هەمووی بەویست‌و لەژێر بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دەدرێت‌و بەكادری لێهاتووی هەرێمی خۆمان.