سلێمانی: بڕێكی زۆر قارچك دەستی بەسەردا دەگیرێت

لە شاری سلێمانی بڕێكی زۆر قارچك دەستی بەسەردا دەگیرێت و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانیش هۆكارەكەی بۆ زیادكردنی مێژووی دەرچونی قارچكەكە دەگەڕێنێتەوە.
 
سۆران عەبدولغەفور سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند “ئەمڕۆ 6 نیسانی 2015 لە عەلوەی سلێمانی دەستیان گرتووە بەسەر بڕی (80) كارتۆن قارچكدا لە جۆری (دێزەفور) كە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە كراوە .
 
هۆكاری دەست بەسەراگرتنی قارچكەكە دەگەڕێتەوە بۆ زیادكردنی مێژووی دەرچونەكەی لە حەوت رۆژەوە بۆ دە رۆِژ كە ئەمەش رێگە پێنەدراوەو وادەكات قارچكەكە ژەهراوی بێت چونكە قارچك لە هەفتەیەك زیاتر ناتوانرێت هەڵبگیرێت .
 
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند “زیادكردنی مێژووی دەرچونی قارچكەكە كارێكی نایاساییەو سەرباری ئەوەش دەبێتە زیانگەیاندن بە تەندروستی هاوڵاتیان.
 

ووتیشی “لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەستگیراوە بەسەر قارچكەكەدا و بەپێی یاساش خاوەنەكەی رووبەڕوی سزای یاسایی دەكرێتەوە.