زیاتر لەدە ساڵە هەرێمی كوردستان روبەرووی دیاردەیەكی سروشتی بۆتەوە كە بەلای زۆرێك لەخەڵكییەوە مایەی سەرسامییە، ئەویش دیاردەی خۆڵبارینە.
خۆڵبارین یەكێكە لەو دیاردانەی كە لەسالانی رابردوودا بەدەگمەنیش لەكوردستاندا بەدینەكراوە، بەڵام لەدوای ساڵی 2000ەوە، كەم ساڵا تێپەڕیوە كە چەندینجار شەپۆلێكی خۆڵبارین هەڵنەكاتە سەر شارەكانی كوردستانو تەپو تۆزو وردە خۆل ئاسمانەكەی دانەپۆشی بێت.
هەڵكردنی شەپۆلی خۆڵبارین بۆ سەر كوردستان، كاتو وەرزی بۆ نییە، زۆرجار لەكۆتایی زستانو سەرەتای بەهارەوە بگرە تا رۆژانی هاوینو دەستپێكی وەرزی پایز ئەم دیاردەیە روبەرێكی فراوانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، هەندێكجاریش ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە بەئەندازەیەك زۆر بووە كە توانای بینینی بۆ چەند مەترێكی كەم كورت كردوەتەوەو لەزۆربەی شارەكانی كوردستانیشدا لەئەنجانی ئەم خۆڵبارینەدا دەیان كەس رویانكردووەتە نەخۆشخانەكان بەهۆی تێكچونی باری تەندروستیانەوە.
بەشێك لەشارەزایانی بواری ژینگەو جوگرافیاناسان هۆكاری سەرەكی ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ وشكە ساڵی، بەتایبەتی لەهەردو وڵاتی عێراقو عەرەبستانی سعودیە، كە لەكۆتایی دەیەی 1990دا بەهۆی ئەو بێبارانیەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە زیاد لەهەر وڵاتێكی دیكە تووشی وشكەساڵی بوون.
بەشێكی دیكە لەشارەزایانی بواری ژینگەو جوگرافیاناسان هۆكاری سەرەكی ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ وشكردنی هۆڕەكانی باشوری عێراق، بەدرێژایی دەیەی 1990 لەلایەن حكومەتی بەعسەوە، بەمەبەستی سیاسی روبەرێكی فراوانی باشوری رۆژهەڵاتی عێراق كە بەهۆڕەكان دەناسراو شیعەنشین بوونن وشك كرانو دانیشتوانەكەی راگوێزران.
بەشێكی دیكە لەشارەزایانی بواری ژینگەو جوگرافیاناسان هۆكاری سەرەكی ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ بڕینەوەو لەناوچونی دارستانە چڕەكانی دار خورمای ناوچە سنوریەكانی نێوان عێراقو ئێران كە لەسێ دەیەی رابردودا بەپێی ئامارە نافەرمیەكان نزیكەی 15 ملیۆن درەختی خورما لەم ناوچەیەدا لەناوچون.
هۆكارەكەی هەرچییەك بێت، ماوەی چەند ساڵێكە خۆڵبارین بووە بەدیاردەیەكی سروشتیو ئاسمانی پاكو بێگەردی كوردستانی خۆڵاویی كردووە.