رێژەی هاوردەكردنی خواردن و پێداویستیەكان بۆ مانگی نیسان لە سلێمانی دیاری كرا و بە رەچاوگرتنی خواستی هاوڵاتیان و بەروبومی ناوخۆیی گۆڕانكاری لە بڕی هێنانەناوەوەی ئەو بەروبوم و پێداویستیەكاندا دەكرێت كە لە دەرەوە هاوردەدەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 30 ئازاری 2015, لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە و پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی و خواستی هاوڵاتیان بڕیاردرا پێداچونەوە بە بڕی هێنانەناوەوەی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كرا بڕی ئەو خواردن و پێداویستیانەی كە لە مانگی رابردوودا بڕیاری هاوردە كردنیان دراوە وەكو خۆی جێبەجێ كراوە و بەشێوەیەكی بەرچاو خواستی بازاڕی پڕكردووەتەوە.
هەروەها باس لەوەشكرا ئەو مریشكەی كە لە كێڵگە پەرلەوەرییەكانی سلێمانیدا بەرهەم دەهێندرێت لە رووی تەندروستیەوە هیچ گرفتێكی تێدا نیەو هەروەها ئەو عەلەف و مەوادانەی كە دەدرێت بە مریشك لەرووی تەندروستیەوە گونجاوە.
پاش هەڵسەنگاندن بۆ بەربومی ناخۆیی بڕیاردرا بۆ مانگی 4 هاوردەكردنی بەربوومەكان بەم شێوەیە رێگەی پێ بدرێت (هاوردەكردنی 550 تۆن گۆشتی مریشكی بەستوو, كە بەبەراورد بە مانگی رابردوو رێژەكەی 48% كەمكراوەتەوە كە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زیادبونی بەروبومی ناوخۆیی كە زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار جوجكە لە كێڵگە پەلەوەرییەكاندا بەرهەم دەهێندرێت.
هەروەها هاوردەكردنی 400 تۆن گۆشتی ماسی و هاوردەكردنی گۆشتی سور و هێلكەی مریشك بەپێی خواستی هاوڵاتیان كراوە دەبێت هەروەها رێگە بە هێنانەناوەوەی 250 تۆن عەلەف بدرێت بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان كە بەهەمان شێوە رێژەكەی بەبەراورد بە مانگی رابردوو كەم كراوەتەوە كە هۆكارەی بۆ زیادبونی ئاستی بەرهەمهێنانی كارگە ناوخۆییەكان دەگەڕێتەو .