په‌یین به‌سه‌ر جوتیارانی‌ هه‌وراماندا دابه‌شده‌كرێت

له‌ئێستادا پرۆسه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ په‌ینی‌ كیمیایی‌ به‌سه‌ر جوتیارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌وراماندا ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كشتوكاڵی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌هه‌وڵدان بۆ هێنانی‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆری‌ په‌ین بۆ جوتیارانی‌ سنوره‌كه‌.
(ستار مه‌حمود) وتی‌:”له‌ئێستادا ده‌ستمانكردووه‌ به‌دابه‌شكردنی‌ په‌ینی‌ كیمیایی‌ له‌جۆری‌ (داپ) به‌سه‌ر جوتیارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌وراماندا”.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، بڕی‌ (25) تۆن له‌و په‌ینه‌یان له‌به‌رده‌ستدایه‌و سه‌رقاڵی‌ دابه‌شكردنیین به‌سه‌ر جوتیاره‌ نمونه‌ییه‌كاندا”.
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، ئه‌و بڕه‌ په‌ینه‌ی‌ كه‌ هه‌یانه‌ به‌شی‌ هه‌موو جوتیارانی‌ ناوچه‌كه‌ ناكات، بۆیه‌ ته‌نها به‌و جوتیارانه‌ی‌ ده‌ده‌ن، كه‌ نمونه‌یین‌و ساڵانه‌ش به‌رهه‌می‌ گه‌نمه‌كانیان لێوه‌رده‌گرنه‌وه‌.
باسی‌ له‌وه‌شكرد، له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ كشتوكاڵی‌ سلێمانی‌، بۆ هێنانی‌ په‌ینی‌ زیاترو دابه‌شكردنی‌ به‌سه‌ر ئه‌و جوتیارانه‌ی‌، گه‌نمیان له‌سایلۆكاندا لێوه‌رده‌گیرێت.