بەپێیی توێژینەوەیەكی زانستی ساڵانە ڕیژەی كۆچبەران بۆ شاری هەولێر گەیشتۆتە (2.9%)، كە زۆربەیان لە گوندەكانی پارێزگاكەو ئەو پارێزگایانەوە هاتون كە هاوسنوری پارێزگای هەولێرن.
بەپێی توێژینەوەیەكی ئەكادیمی كە ناوەڕۆكی تێزێكی دكتۆرایە لە بواری جوگرافیای شار و لەلایەن خوێندكاری دكتۆرا (هیوا ئەمین شوانی) وەك بەشێك لە پێداویستیەكانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا پێشكەشی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەددین-ی كردوە، دەركەوتوە كە زیادبونی رێژەی كۆچبەران لە شاری هەولێر لە دوو روەوە كاریگەری لەسەر ئەو شارە بەجێهیشتوە، لەلایەك بۆتە هۆی فراوانبونی ڕوبەری شارەكە ساڵانە بەڕێژەی (21%) و لەلایەكی دیكەش بۆتە هۆی دەركەوتنی سیمایەكی ناڕێك لە جۆری خانوبەرە، تۆڕەكانی رێگەوبانی ناو گەرەكەكان، بەكارهینانی كەرەستەی بیناسازی هەرزان بەتایبەت لەو گەڕەكانەی كە كۆچبەران تییدا نیشتەجێبون.
ئەو تێزی دكتۆرایە كە بەناونیشانی (كۆچ و كاریگەریەتی لەسەر مۆرفۆلۆجی شاری هەولێر- لێكۆڵینەوەیەكە لە جوگرافیای شار) ئامادەكراوە، تێیدا بەورد و داتای دروست ئاماژەی بە هۆكارەكانی كۆچكردن بۆ شاری هەولێر خستۆتەڕو، لەوانەش ئاماژەی بە جیاوازی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی و ئابورییە جۆراو جۆرەكان لە نێوان شارو لادێ و، چڕبونەوەی ڕێژەی (64%) پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و زۆربەی چالاكیە ئابورییەكان (پیشەسازی و بازرگانیەكان) لە شاری هەولێر، لەهەمان كاتدا باشی دۆخی ئەمنی لەو هۆكارانەن كە بونەتە هۆكاری كێشكردنی كۆچبەران بۆ شارەكە.
توێژینەوەكە ئەوەشی دەرخستوە شاری هەولێر زیاتر بەئاڕاستەی ڕۆژهەڵات و باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەكە بەڕێژەی (41%) فراوان بوەو، هەروەك بەڕێژەی نزیكەی (24%) بەئاڕاستەی باكورو باكوری ڕۆژهەڵات فراوان بوە، ئەوەش كاریگەری هەبوە لەسەر مۆرفۆلۆجیای شارەكە، بەشێوەك شاری هەولێر شێوەی درێژی وەرگرتوە لەسەر حیسابی شێوە بازنەییەكەی.