بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردنەوە كافتریایەك لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانیەوە دادەخرێت و سەرۆكی لیژنەكەش ڕایدەگەیەنێت تا هەموو مەرج و ڕێنماییەكان جێبەجێ نەكات ناكرێتەوە.
لیژنەی رێستۆرانت و یانە شەوانەكان كە سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیە، كافتریای (ماڵێك بۆ خۆشەویستی) لە شاری سلێمانی داخست.
فریا عبدالرحمن سەرۆكی لیژنەكە رایگەیاند: بەهۆی پابەند نەبوونی بەمەرج و ڕێنماییەكانەوە كافتریای ماڵێك بۆ خۆشەویستی لە لایەنە لیژنەكەیانەوە داخراوە و تا ئەو كاتەی سەرجەم مەرج و ڕێنماییەكان جێبەجێ نەكات رێگە بە كردنەوەی نادەن.
سەرۆكی لیژنەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد “لیژنەكەیان بەردەوام چاودێری رێستۆرانت و یانەكانی شەوانە دەكات و رێنمایی پێویستیان پێ دەدات.
وتیشی “بەپێی ڕێنماییەكان نابێت مناڵی نەوجەوانانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە كافتریاكاندا جگەرە و نێرگەلە بكێشن و هەروەها پێویستە كامێرای چاودێری لە هەموو ئەو شوێنانەدا هەبێت لەگەڵ بوونی مۆڵەتی مانەوە بۆ ئەو كرێكارە بیانیانەی كە لەو شوێنانەدا كار دەكەن.