هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەکان لە شاری سلێمانی بەردەوامەو سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیش رایدەگەیەنێت لە هەڵمەتەکەیاندا هەموو ئەو زێدەڕۆییانە لادەبەن کە کراونەتە سەر موڵکی گشتی.
لیژنەى لابردنى زیادەڕۆییەکان هەڵمەتێکى بەرفراوانیان رێکخست بۆ لابردنى زیادەڕۆییەکان و لە شەقامى سالمى شارى سلێمانى هەموو ئەو زیادەڕۆیانەیان لابرد کە بەشێوەى نایاسایى کرابوونە سەر موڵکى گشتى.
سۆران عەبدولغەفور سەرۆکی لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند پاش دەستپێکردنەوەى هەڵمەتى لابردنى زیادەڕۆییەکان ئەمشەو لەشەقامى سالمى شارى سلێمانى هەموو ئەو زیادەڕۆیانەیان لابرد کە لەلایەن کاسبکاران و خاوەنى هەندێک لە مارکێت و دووکانەکانەوە کرابوونە سەر موڵکى گشتى.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد هەڵمەتەکەیان بۆ زیاتر رێکخستنى شار و لابردنى ئەو زیادەڕۆی و بەربەستانەیە کە ئاستەنگى لە بەردەم هاوڵاتیاندا دروست کردووە و هەروەها سیمایەکى ناشارستانى دروست کردووە.
سەرۆکی لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند هەڵمەتەکەیان هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە زیادەڕیی تێدا کراوەتە سەر موڵکی گشتى و ئامانج لێ ى پاراستنى بەرژەوەندى گشتى یە.
ووتیشى هەڵمەتەکەیان بەردەوام دەبێت و هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە زیادەڕۆی تێدا کراوە و موڵکى گشتى بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بەکارهێندراوە.