پیشەسازی‌و پیشەسازی خۆراك كەمتەرخەمی حكومەت‌و ئایندەیەكی ناڕوون

پیشەسازی پێویستییەكی بنەڕەتی ژیانی كۆمەڵایەتی‌و تاكەكەس بووە لەجیهاندا، لەهەمانكاتیشدا ئامڕازێكی باڵادەستیی وڵاتانی پێشكەوتووش بووە بەسەر وڵاتانی پاشكەوتوودا، لەكوردستان‌و عێراقدا كە 365 رۆژ لەساڵێكدا پێویستییان بەهەناردە كردنی نەوت‌و فرۆشتنی بەدەرەوە بێت، پێشەسازی چۆن پێشدەكەوێت؟!
 

سێ‌ جۆر پیشەسازی لەعێراق‌و كوردستان
 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی ناوەڕەاستی سەدەی بیستەم، ئەوا دەبینین پیشەسازی لەعێراقدا لەساڵانی نێوان 1954 تا 1985 گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی ئامارە فەرمییەكان ساڵانی پێش 1954 تەنها 4%ی دەستی كار لەعێراق لەپیشەسازی بووە‌و 99%ی ئەم پیشەسازیانەش جۆری بچوك‌و لەماڵەوە بون، كە لەنێوان 1 كرێكار تا 25 كرێكار كاریان تیا كردووە.
بەڵام لەوە بەدوا كە چەند یاسایەك بۆ هاندانی پیشەسازی داڕێژران، وەك دانانی بانكی بەقەرزدانی پارە‌و لێبوردن لەباج یان كەمكردنی رێژەكەی، پیشەسازی هەنگاوی بەرەو پێش نا. هەر بەهۆی ئەم سیاسەتەوە بوو كە كارگەی چیمەنتۆی سلێمانی‌و دوو ویستگەی كارەبای دەربەندیخان‌و دوكان دامەزران‌و ژمارەی كارگەو دامەزراوە پیشەسازییەكان لەسلێمانی زۆر زیادییان كرد، بەپێی ئامار ساڵی 1970 ژمارەی دامەزراوەكان 3962 دامەزراوە بوو، ساڵی 1988 گەیشتە 8166 دامەزراوە.

ئەو پیشەسازییانەی لەوكاتەوە بەدوا لەعێراق‌و كوردستانیشدا گەشەیان كرد، سێ‌ جۆر بوون:
 

1/ پیشەسازی پشت بەستو بە بەرهەمی كشتوكاڵی‌و ئاژەڵا

وەك لەقوتونانی خورماو هاڕینی گەنم‌و جۆ‌و پیشەسازی هەویرەمەنی‌و نان‌و رۆنی كونجی‌و بیرە، پیشەسازی شەربەت‌و جگەرەو ماست‌و پەنیر‌و گوڵەبەڕۆژە‌و شیرەمەنی گوێزو فستق‌و پیشەسازی شەكر لەچەوەنەرو قامیشی شەكر‌و پیشەسازی سابون لەرۆنی زەیتون، پیشەسازی تەختە بۆ كەلوپەلی ناو ماڵا، یان پیشەسازی پشت بەستوو بەلۆكە وەكو بەتانی‌و رستن‌و چنین‌و رۆنی لۆكە…هتد
 

2/ پیشەسازی پشت بەستوو بەكەرەسەی خاوی ناكشتوكاڵی

وەك چیمەنتۆو گەچ‌و خشت‌و كۆنكرێت‌و كاشی‌و هیتر كە بەمەبەستی خانوبەرە بەكاردێت، هەروەها ئەو پیشەسازیانەی كە پشت بەكەرەسەی خاوی دەرەوە دەبەستن وەك مس‌و ئەلەمنیۆم‌و زیوو زێڕ‌و پەنجەرەو دەرگاو كەلوپەل مەتبەخ
 

3/ پیشەسازی پترۆكیمیاوی
بەسەرنجدان لەوەی كە گرنگترین پیشەسازی عێراق نەوتە، پیشەسازی پترۆكیمیاوییەكان گەشەی بەرچاوییان بەخۆیانەوە بینی.
 
 سلێمانی.. شوێنێكی گونجاو بۆ گەشەی پیشەسازی

بەدیاركەوتنی پیشەسازی لەهەر ناوچەیەكدا بەپلەی یەكەم پشت بە “كەرەسەی خاو، بونی رێگای هاتوچۆ، بڕی تێچون‌و سەرمایەو پارەی تەرخان كراو، هێزی كار” دەبەستێت، لەم سۆنگەیەوە سلێمانی‌و كوردستان گرنگییەكی تایبەتی هەیە.
هەر لەساڵانی زووەوە، بۆ پیشەسازی چیمەنتۆ ناوچەی سلێمانی شوێنێكی ئێجگار لەبار‌و گونجاو بووە، هەروەها بۆ پیشەسازی پێڵاوو جلوبەرگ‌و مافور‌و ئەو ئامڕازانەی كە لەكشتوكاڵدا بكاردەهاتن‌و كەلوپەلی ناو ماڵا‌و شتی تر. ئەمە جگە لەوەی كە ئاسناوەو رانیە كانگای ئاسن‌و رانیەو چوارتاو پێنجوێن‌و قەڵادزێ‌ كانگای مس‌و مەڕمەڕ‌و قوڕقوشم‌و پەموو توتن بووە، كە كەرەسەی خاوو پێویستییەكی سەرەكی پیشەسازین.
 

پیشەسازی كوردستان.. پاشەكشە یان بەرەو پێشەوە؟
 

ئەوەی ئاشكرایە لەدوای راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991ەوە كوردستان بەحكومی گەمارۆی ئابوری‌و ئەو هەلومەرجە سیاسی‌و نائارامییەی پیا تێپەڕی، زۆربەی هەرە زۆری كارگەو دامەزراوە پیشەسازسسە بچوك‌و گەورەكانی پاشەكشەیان كرد، ئەم دۆخە چەند ساڵێكی خایاند، تا لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە2003دا دیسان پیشەسازی لەهەرێمی كوردستاندا هەڵسانەوەو گەشەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام هێشتا لەئاستی خواست‌و پێویستدا نین.
ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەی بنەما سەرەكیەكان بۆ گەشەی پیشەسازی لەهەرێمی كوردستاندا دەستەبەرن، بەڵام پیشەسازی گەشە ناكات، بەتایبەتی پیشەسازی كشتوكاڵی، كە پلانی تۆكمەی گەرەكەو پێویستە لەپڕۆژەكانی دەستەی وەبەرهێنانیشدا رێژەیەكی زۆرتری بۆ دابین بكرێت.
لەگوردستاندا پلانێكی ناوەندخایەن‌و درێژخایەن بۆ ئەم كەرتە دیار نییەو زیاتر كاری رۆژانە دەكرێت، لەكاتێكدا رەگەزە سەرەكیەكانی سەرپێ‌ كەوتنی پیشەسازی خۆراك لەكوردستاندا ئامادەن بەڵام گەشەیان پێنادرێت، ئەگەر زەوی وەك فاكتەرێكی گرنگ لەبەرچاو بگرین بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵا، روبەرێكی بەرچاوی هەرێمی كوردستان زەوی كشتوكاڵین، بەڵام ئەم زەوییە بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵا بەكارناهێنرێن، زەوی‌و سەرچاوە كشتوكاڵییەكان زیاتر بۆ حەوانەوەی خێزانی بەكاردێت نەوەك بەرهەمهێنانی ئابوری، ئەوەش لەكەمتەرخەمی حكومەت‌و خەڵكیشەوەیە. لەكاتێكدا لەزۆربەی وڵاتاندا پلان دادەنێن بۆ ئەوەی زەوی كشتوكاڵییان فراوان‌و زیاتر بكەن، كەچی رۆژ بەڕۆژ لەكوردستان زەوی كشتوكاڵا لەكەمبونەوەدایە بەهۆی كردنییەوە بەڤێلا‌و باخی تایبەتی‌و ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی پاشەكشە بكات، كە بەرهەمی كشتوكاڵیش كەرەسەی خاوی سەرەكی پیشەسازی خۆراكە، كاتێك ئەمیان پاشەكشە دەكات پیشەسازی خۆراكیش لەگەشە دەكەوێت.
بنەمایەكی تر، هێزی كارە، كوردستان گرفتی نییە لەدابین كردنی هێزی كاردا، هەرچەندە كۆچ لەگوندەوە بۆ شار روویداوە، بەڵام لەجیهانی ئەمڕۆدا لەكشتوكاڵا‌و پیشەسازیشدا ئەوەندەی لەڕووی چۆنایەتییەوە هێزی كار گرنگە، هێندە لەڕووی چەندایەتییەوە جێی بایەخ نییە.
بنەمایەكی تر سەرمایەیە، ئەوەی جێی نیگەرانییە رێژەیەكی كەمی سەرمایەگوزاری بەرەو كەرتی پیشەسازی دەڕوات لەكوردستاندا، ئەمەش هۆكاری زۆرە، كاتێك كە زۆربەی پڕۆژە پیشەسازییەكان دەكەون، كاتێك كە هیچ ستراتیجییەكی ئابوری لەكوردستاندا دیار نییە‌و كارگەی جگەرەی سلێمانی‌و كارگەی جگەرەی هەولێر‌و كارگەی شەكرەكەی سلێمانی‌و كارگەی رستن‌و چنین لەپاڵا دەیان كارگەی بچوكدا شكست دەهێنن، ئیتر وەبەرهێن‌و سەرمایەداران سەرمایەیەكەیان ناخەنە كەرتی پیشەسازییەوە، بەرەو ئەو كەرتانەی دەبەن كە سوودی زۆرو ئەركی ئاسانە، وەك بازرگانی‌و تەلارسازیی. بەمەرجێك سەرمایە بنەمایەكی دامەزراندنی پیشەسازییە.
 

نوێبونەوەو تەكنەلۆژیا

دەبێت بەمتمانەوە بوترێت كە كوردستان دەتوانێت ببێتە یەكێك لەوڵاتە پیشەسازییەكان، بەڵام لەڕێگەی پلان‌و ستراتیجی كورتخایەن‌و درێژخایەن‌و لەڕێگەی تۆژینەوەی كەڵك (دراسە الجدوی) بۆ پڕۆژە پیشەسازییەكان بەشێوەی زانستی‌و لەڕێگەی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری‌و نوێكردنەوەی تەكنەلۆژیای كارگەكانی‌و لەڕێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری خەڵك بۆ بەكارهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی‌و دوبارە وەگەڕخستنەوەی بانكی پیشەسازی بۆ پێدانی قەرزو بەشداری لەوەبەرهێنانی پڕۆژەكانی پیشەسازی‌و سیاسەتێكی گونجاوی بازرگانی دەرەكی بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی‌و بەكارهێنانی هێزی شارەزای ناوخۆیی لەكەرتی پیشەسازیدا.
حكومەتی هەرێم تا ئێستا چاوی لەسەر ئەوە نەبووە كە بەپیشەسازیكردنی كشتوكاڵا بكات بەئامانج لەڕێگەی بەرزكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵەوە كە هەرێمی كوردستان خاوەنی 8 ملیۆن دۆنم زەوی كشتوكاڵییە. جكومەتی هەرێم بێباك‌و كەمتەرخەم بووە بەرامبەر بەوەی كەرتی كشتوكاڵی‌و پیشەسازی تینووی وەبەرهێنان‌و گۆڕانی تەكنەلۆژیا‌و بەڕێوەبردنی زانستی بووە‌و هەوڵی تەیار كردنی ئەو كەرتانەی بەتەكنەلۆژیای گونجاو‌و سەردەمیانە نەداوە، حكومەتی هەرێم دیسان لەوەشدا كەمتەرخەم بووە كە هەوڵی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری‌و دابین كردنی تۆڕێكی چڕ‌و پڕی رێگەوبانی نەداوە بەمەبەستی ئاسان گەیاندنی كاڵا‌و كەرەسەی خاو، كە رێگاكانی هاتوچۆ بەشادەماری ئابوری وڵاتان دادەنرێت لەجیهانی ئەمڕۆدا.