لیژنەی بەدواداچوونی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی سەردانی سەرجەم كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەكات و رێنمایی پێویستیان پێدەدرێت بۆئەوەی مریشكێكی تەندروست بەرهەم بهێنرێت، و سەرۆكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت ئەو كێڵگانەی كە سەردانمانكردوون پاش پێدانی رێنمای زۆرینەیان پابەندی مەرج و رێنماییە هونەری و تەندروستییەكان بوون.
بە پێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەم ساڵدا لە بەرواری 1/1 تاوەكو 15/3/2015 توانیویانە 92 پرۆژەیان بەسەربكەنەوە و رێنمایی پێویستیان پێداون بۆئەوەی پابەندی مەرج و رێنماییەكان بن.
چیا محەمەد سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەلێدوانێكیدا رایگەیاند: لەكۆی ئەو سەردانانەدا تەنها 6 پرۆژە پسوڵەی ئاگاداركردنەوەی بۆكراوە ، 12 پرۆژەش بەهۆی پابەندنەبوونیانەوە پسوڵەی سەرپێچیان بۆكراوە.
سەرۆكی لیژنەكە ئاماژەی بەوەشكرد لەكاتی سەردانكردنی لیژنەكەیان بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی چاودێری سەرچاوەی داخڵكردنی جوجكە و ئەو فاكسینانە دەكرێت كە لە بەرهەمهێنانی مریشك بەكاردەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گرنگی دەدەین بەپاك و خاوێنی و بوونی چاڵی هلاك لە كێلگە پەلەوەرییەكاندا.