كریستین لاگارد، سەرۆكی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ وڵاتی هیندستان رایگەیاند، دەبێت بازاڕە تازە پێگەیشتووەكان خۆیان بۆ بەرزبوونەوەی سووی بانكی ئامادەبكەن ، كە بڕیارە لەمساڵدا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رووبدات.
لاگارد ئاماژەی بەوەشكرد: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەنیازە لەمساڵدا بۆ یەكەم جار لە دوای ساڵی 2006 سووی بانكی لەو وڵاتە بەرزبكاتەوە، ئەوەش كاریگەری زۆر لەسەر وڵاتانی تازە پێگەیشتووی وەك هیندستان دەبێت.
سەرۆكی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاشكراشیكرد: ئەگەر كاریگەرییەكانی ئەو زیادكردنە باش بەڕێوەببرێت و كۆنترۆڵ بكرێن، دەكرێت بەرپەرچی ئەو شۆكانە بدرێتەوە كە دوای بەرزكردنەوەی سووی بانكی لە ئەمریكا روودەدەن.
جێی ئاماژەیە گەنجینەی فیدراڵی ئەمریكا بەنیازە لە دانیشتنەكانی داهاتوویدا تاوتوێی رەوشی دارایی ئەو وڵاتە بكات و ئەگەری زۆرە سووی بانكی لەو وڵاتە بەرزبكرێتەوە.
لەدوای ساڵی 2008 و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ئەمریكا، گەنجینەی فیدراڵی سووی بانكی نزیككردەوە لە سفر بۆ ئەوەی هانی كەرتی وەبەرهێنان بدات.