لە دوو مانگدا 66 تۆن مەوادی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بری 66 تۆن كەلوپەل و مەوادی ماوەبەسەرچوو لە لایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و سەرۆكی لیژنەی لەناوبردنیش رایدەگەیەنێت سەرجەمیان  لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لە ناوبراون.
 
بە پێی راپۆرتی لیژنەی لەناوبردنی سەربە لیژنە هاوبەشەكان لە بەرواری 1/1 تاوەكو 15/3/2015 ، بری 66 تۆن مەوادو كەلو پەل لە ناوبراون و جۆرەكانیش بریتین لە (مەوادی جوانكاری، پاككەرەوە، كارەبایی و ئەلیكترۆنی، خواردەمەنی و خواردنی لەقتونراو، كەرەستەی ترشیات، جگەرەو توتن، سینی خراپبووی سەمونخانە و نانی تیری) كە سەرجەمیان خراپبوون و شیاوی بەكارهێنان نەبوون كە پێشتر لە لایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە لە بازارو كۆگا و كارگەو كۆمپانیاكاندا دەستی بەسەردا گیراوە.
 

لەو بارەیەوە تەها صالح سەرۆكی لیژنەی لەناوبردن رایگەیاند: ئەو برە مەوادەی كە دەستی بەسەردا گیراوە پاش پشكنینی تاقیگەیی دەركەوتووە كەبەهیچ جۆرێك شیاوی خواردن و بەكارهێنان نییە، بۆیە بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لە ناوبران.