37 كۆمپانیای گەشتیاریی بیانی، دەیانەوێت ئەمساڵ ئاڵوگۆڕی گەشتیاری بە شێوازی گرووپ لە نێوان وڵاتەكانیان و باشووری كوردستان ئەنجامبدەن، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی بۆ سیستەمی گرووپە گەشتیارییەكان دەكات.
نوێنەری یەكێك لە كۆمپانیا بیانییەكان دەڵێت، بە ئەوان وتراوە كە شەڕی داعش ئارامی ساڵانی رابردووی لە باشووری كوردستان نەهێشتووەتەوە، بەڵام كە هاتوون بۆ هەولێر بینیویانە كە باشووری كوردستان ئارامە و دەكرێت گەشتیارانی ولاتەكەیان سەردانی بكەن.
لە نێو كۆمپانیا بیانیەكاندا ژمارەیەك كۆمپانیای عێراقی هەن، ئەوانیش دەیانەوێت لە بواری ئاڵوگۆڕكردنی گەشتیار لە بری شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە باشووری كوردستان كار بكەن، چونكە دەڵێن گەشتیارە بیانییەكان بەهۆی نائارامی عێراق تەنیا دێنە شارەكانی باشووری كوردستان.
لە باشووری كوردستان، نزیكەی 400 كۆمپانیای گەشتیاری مۆڵەتی كاركردنیان لە لایەن دەستەی گەشت و گوزار پێدراوە، بەڵام هەمان ئەو دەستەیەی كە مۆڵەتی بەو كۆمپانیایانە داوە دەڵێن كۆمپانیاكان تەنیا كاریان بردنە دەرەوەی گەشتیاری ناوخۆیە.