بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و پەسەندكردنی بنەتۆ لە هەرێمی كوردستان دەڵێت بەهۆی بارینی رێژەیەكی باش لە باران و زیادبوونی رووبەری زەویی بەراو و دابەشكردنی بڕێكی باش لەبنەتۆی باوەڕپێكراو، پێشبینی دەكەن بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بۆ 930 هەزار تۆن بەرزبێتەوە.
فاروق عەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و پەسەندكردنی بنەتۆ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: سەرەڕای قەیرانی دارایی، ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و ملیۆنێك دۆنم زەوی بە جۆ لەلایەن جوتیارانەوە چێنراوە. گوتیشی “بەهۆی زۆریی بارانەوە پێشبینی دەكەین بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بۆ 930 هەزار تۆن بەرزببێتەوە”.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش، لە 7 ساڵی رابردوودا ساڵ بەساڵ رووبەری چاندن و بڕی بەرهەمی گەنم لەزیادبووندایە، بەجۆرێك رووبەری چێندراو لە ملیۆنێك و 937 هەزار دۆنمەوە بۆ 2 ملیۆن و 660 هەزار دۆنم زیادی كردووە، بڕی بەرهەمیش لە 318 هەزار تۆنەوە بۆ 742 هەزار تۆن زیاد بووە.