بنەماكانی بەڕێوەبردن لەبازرگانیدا

بەڕێوەبردن چییە؟ بەڕێوەبەرەكان چی دەكەن؟ پێویستە چۆن كاری بازرگانیمان بەڕێوەبەرین؟
ئەمە چەند پرسیارێكن زۆر دەكرێن، دیارە كاری بەڕێوەبەریی هەم هونەرەو هەم زانست.

هونەرو زانست
بەڕێوەبەردن هونەری زیاتر كاراكردنی ئەو كارمەندانەیە بەبێ‌ بەڕێوەبەر ناتوانن چالاك‌و كارا بن. زانستی بەڕێوەبردنیش لەشێوازی ئەنجامدانی ئەو كارا كردنەدایە.
بەڕێوەبردن لەچوار بنەمای سەرەكی پێكدێت: پلاندانان، رێكخستن، رێنمایی، چاودێری.

كاراتركردن
چوار كرێكار بەبێ‌ ئامادەبونی بەڕێوەبەر دەتوانن لەشفتێكی 8 كاژێریدا،6  كاڵا دروست بكەن، ئەگەر ئێوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەوان بەكاربهێنین، دیسان هەر 6 كاڵا دروستبكەن، ئێوە چ كەڵكێكتان هەبووە؟ بەڵام ئەگەر بەئامادەبونی ئێوە بتوانن 8 كاڵا دروستبكەن، ئەوان ئێوە وەك بەڕێوەبەر جێی بایەخ‌و بەهان.
هەمان پێوەر دەتوانین لەخزمەتگوزاری، لەكاری بازرگانی‌و بەرهەمهێنان، یان هەر كارێكی تردا گشتگیر بكەین. ئایا وەڵامدانەوەی كڕیار بەئامادەبونی ئێوە شیاوو باشتر دەبێت؟ ئایا رێژەی فرۆش بەئامادەبونی ئێوە وەك بەڕێوەبەر هەرچی زیاتر دەبێت؟ ئایا زانیاری بەئامادەبونی ئێوە زیاتر دەدرێت بەكڕیار؟
ئەمە ئەرك‌و بایەخی بەڕێوەبەرە (واتە گروپێك لەكارمەند كاراتر بكەیت).

یەكەمین توانای بەڕێوەبردن: پلاندانانە
بەڕێوەبردن بەپلان‌و بەرنامەڕێژی دەستپێدەكات، بەڕێوەبەری لێهاتوو بەپلان‌و بەرنامەڕێژی باش دەستپێدەكات‌و بەرنامەڕێژی باش رێگە لەزۆرێك لەكەموكورتی‌و گرفتەكان دەگرێت.
بەبێ‌ بەرنامە هیچ كات سەركەوتوو نابیت، تەنانەت ئەگەر سەركەوتووش بیت‌و بگەیت بەئامانجێك، ئەوا بەڕێككەوت‌و شانس بووە‌و ئیتر دووبارە نابێتەوە.
یەكەمجار پێویستە ئەوە دیاریبكەیت كە ئامانجتان چییەو دواتر باشترین رێگە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بدۆزنەوە، چ ئامڕازو سەرچاوەیەكت لەدەستدایە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە؟ دەستت بەچی دەگات؟ خاڵی بەهێزو لاوازی كەسەكان‌و هەموو جومگەكان بەراورد بكە، ئایا دانانی چوار كارمەند بۆ كارێك كە 12 كاژێر دەخایەنێت، خەرجییەكی كەمتری تێدەچێت بەراورد بەكرێی دامەزراوەیەك كە توانای ئەنجامدانی هەمان كاری هەیە بەكارمەندێك لە 6 كاژێردا؟ ئەگەر بتوانیت دەستپێكردنی شفتكاری لەكاژێر 8ی بەیانیەوە بكەیت بە 10ی بەیانی، ئایا دەتوانی رێگە لەقەرەباڵغی بەیانیان بگریت تا ناچار نەبیت كەسێكی تر بۆ شیفتی دووەم بەكاربهێنیت؟
پێویستە لەهەموو ئەگەرەكان بكۆڵیتەوە، بۆ هەمووشیان بەرنامەڕێژی بكەیت، دەبێت پێشبینی خراپترین ئەگەر بكەیت‌و پلان‌و بەرنامەرێژیی بكەیت، بەرنامەی جیاواز هەڵسەنگێنی‌و باشترینیان كە بۆ ئێوەو كارەكەتان كاریگەرە، هەڵبژێریت.

دووەمین توانای بەڕێوەبردن: رێكخستنە
ئێستا كە بەرنامەیەكت داناوە، پێویستە بەئەنجامیبگەیەنیت، ئایا هەموو شتێك پەیوەست بەگروپەكەت ئامادەیە تا ئامڕازی پێویست لەسەر كارو كاتی دیاریكراو بەدەستیان بگات؟ ئایا هەر ئەندامێكی گروپەكە ئامادەی جێبەجێكردنی ئەركەكەیەتی؟ ئایا دامەزراوەكە ئامادەی وەرگرتنی بەرهەمی كاری ئەنجامدراوی گروپەكەیە؟ ئایا كارمەندەكان راهێنانی پێویستیان كردووە؟ ئایا هاندەری تەواویان هەیە؟ ئایا كەرەسەو ئامڕازی تەواویان لەبەردەستدایە؟ ئایا كەرەسەی خاو ئامادە كراوە؟
پێشەكییەكانی جێبەجێكردنی بەرنامەكە ئامادە بكە، دوبارە چێكیان كەرەوە تا هەموو شتێك ئامادە بێت‌و هەموو گروپەكە رۆڵی خۆیان بەباشی بزانن‌و لەبایەخی رۆڵی خۆیان بۆ سەركەوتنی بەكۆمەڵا بەئاگا بن.

سێهەمین كارامەیی بەڕێوەبردن: رێنماییە
ئێستا پێویستە پەنجە بنێیت بەدوگمەی “دەستپێكردن”دا، بەكارمەندەكان بڵێیت چ كارێك ئەنجام بدەن، لەم بەشەدا بەڕێوەبەر رۆڵی رێبەری ئۆركسترایەك دەبینێت، هەر تاكەكەسێك لەئۆركستراكە نۆتەی مۆزیكەكەی لەبەردەمدا بێت،  هەریەكەو دەزانێت كە پێویستە چی بكات.

چوارەمین كارامەیی بەڕێوەبردن: چاودێرییە
ئێستا كە دەست بەجوڵەو كار كراوە، پێویستە چاوتان لەسەر هەموو شتێك بێت، دڵنیا بیت كە هەموو شتێك بەپێی پلان‌و بەرنامەكە بەرەو پێش دەڕوات. كاتێك دۆخەكە بەپێی بەرنامە نەبوو، دەبێت دەستەوسان نەبیت‌و بەرنامەكە چاكسازی بكەیت.
بەدڵنیایی گرفت دێتەپێش، كەسێك نەخۆش دەكەوێت، كەسێك درەنگ دەگاتە شوێنی كار، كڕیارت لێدەتەكێتەوە، بۆ هەموو ئەم پێشهاتانە دەبێ‌ بەرنامەڕێژی‌و ئامادەكاری بكەیت، ئێوە وەك بەڕێوەبەر دەبێت هەمیشە بەئاگا بن لەو شتانەی كە روودەدەن تا بتوانن بەر لەوەی دۆخەكە لەكۆنترۆڵا دەرچێت، چاكسازی پێویست ئەنجام بدەن.
كاری بەڕێوەبردنی مرۆڤەكان كارێكی ئاسان نییە، بەڵام دەتوانیت بەسەركەوتوویی ئەنجامی بدەیت، ئەوەشت لەبیرنەچێت كە كاری بەڕێوەبەریی، وەك هەر پیشەیەكی تر، كارێكە دەكرێت لەڕێگەی خوێندنەوەو راهێنانەوە بەهێز بكرێت.

ئا: راگەیاندنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی