د.ئاری سەلاحەدین مەعروف بەڕێوەبەری ڤێنتێنەری سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر كێلگەكانی پەلەوەری سنووری پارێزگای سلێمانی بەتەواوەتی كار بكەن، دەتوانن لە 100%ی پێویستییەكانی پارێزگاكە دابین بكەن، ئەو دەڵێت “هاوردە كردنی ئاژەڵا تا ئێستا هەر بۆ مەبەستی سەربڕینە، بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی نرخی گۆشتی سوور بكرێت لەبازاڕدا”.
د.ئاری بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند كە “ئێستا لەسلێمانی گۆشتی سپی بەم بڕەی كە بەرهەمدەهێنرێت لەڕێگەی ئەم ژمارە كێڵگە پەلەوەرەی هەن (كە هەندێكیشیان بەرهەمیان زۆر كەمە یان كاری تیا ناكرێت)، نزیكەی 70% تا 75%ی پێویستییەكانی ناوخۆ دابین دەكەن، ئەو وتی “ئەگەر كێلگەكانی پەلەوەر بەتەواوەتی كار بكەن، دەتوانن لە 100%ی پێویستییەكانی سلێمانی دابین بكەن”.
ناوبراو جەغتی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ماوەی پێنج شەش ساڵیش دەبێت هیچ نەخۆشییەكی درمی مەترسیدار رووینەداوە كە بووبێتە هۆی كەمبونەوەی سامانی پەلەوەرو ئاژەڵا لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا، ئەو وتی “ژمارەی ئاژەڵا لەم چەند ساڵەی دوایدا بەرەو كەمبون نەچووە، هەر لەو رێژەیەی خۆیدا ماوەتەوە، چونكە هیچ نەخۆشییەك نییە كە بڵێی سامانی ئاژەڵی كەم كردووەتەوە، بەتەواوی توانراوە كۆنتڕۆڵی هەموو ئەو نەخۆشییانە بكرێت كە دەبنە هۆی مەترسی بۆ لەناوچوونی سامانی ئاژەڵاو پەلەوەر”.
د.ئاری ئاماژەی بەوەش كرد كە لەمساڵی 2014دا مۆڵەت دراوە بەچەند بازرگانێك كە ئاژەڵا بهێننو زیاد لە 3 هەزار سەر رەشەوڵاخیان هێناوە بۆ پارێزگای سلێمانی لەئێرانەوە، ئەو وتی “هەر كەسێك هاتبێتو وتبێتی لەجۆرجیاوە ئاژەڵا دەهێنم، ئێمە ئاسانكاریمان بۆ كردووەو پێشمانخۆشە، لەجۆرجیاو ئەو وڵاتانەی كە رێگە پێدراون هیچ كێشەممان نییە، بەڵام هەندێكجار سەرچاوەكەی نادیارە، یاخود بەشێوەیەكی نایاساییو بەقاچاخ دەهێنرێت ئەوانە دەبنە هۆی كێشەو رێگەمان پێنەداوە”.
وتیشی “هێنانی ئاژەڵا بۆ دوو مەبەستە، یەكەمیان بۆ سەربڕینە، بۆ ئەوەی بتوانرێت كۆنتڕۆڵی نرخی گۆشتی سوور بكرێت لەبازاڕدا، ئەوەی لەم سێ چوار ساڵەدا هاتبێت بۆ ئەو مەبەستە هاوردە كراوەو بۆ سەربڕین بووە تا بتوانین كۆنتڕۆڵی نرخی گۆشت بكەینو گۆشت لەوە گرانتر نەبێت، ئەگەر سەرنجیش بدەن نزیكەی چوار ساڵە نرخی گۆشت هەروەكو خۆیەتیو بەرز نەبووەتەوە، جاری واش هەیە دابەزیوە، بەڵام نەمانهێشتووە گران بێت. ئەمە وەكو ئەوانەی هێناویانە بۆ سەربڕین، ئەوانەی بۆ بەخێوكردنیش بیهێنن، ئەویش رێوشوێنی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو كەسەی كە دەیهێنێت، پێویستە پڕۆژەی هەبێت، بۆ نمونە كێڵگەی هەبێتو بڵێت من ئەچم پەنجا مانگا دەهێنم بۆ بەرهەمهێنانی شیر، واتە شوێنێكی تایبەتی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت تیا بەخێو بكات، بەڵام تا ئێستا ئەو داواكارییە نەبووە، هێنان بۆ بەخێوكردن نییەو تەنها بۆ سەربڕین بووە بۆ ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە، هیچ بازرگانێك تا ئێستا داوای مۆڵەتی نەكردووە بۆ هێنانی ئاژەڵا بەمەبەستی بەخێوكردن”.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا نرخی گۆشت بەرز نەبووەتەوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە بڕی ئاژەڵا ساڵا بەساڵا لەسلێمانی لەزیادبوندایە، ئەو وتی “رێژەو ژمارەی ئاژەڵا لەسلێمانی لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووەو تا ئەندازەیەك وەكو خۆیەتی، نزیكەی ملیۆنێكو 500 هەزار سەر مەڕو بزنمان هەیە لەسنوری پارێزگای سلێمانی، ئەم ژمارەیە چوار پێنج ساڵە هەر وەكو خۆیەتی، بۆ نمونە بووە بە ملیۆنو 550 هەزارو بووە بەملیۆنو 450 هەزار، واتە لەو ژمارەیەدا وەستاوە كە نزیكەی ملیۆنێكو 500 هەزار سەر مەڕو بزن هەیە، هەروەها نزیكەی 140 هەزار بۆ 150 هەزار رەشەوڵاخیش هەیە”.
سەبارەت بەپێویستییەكانی پارێزگای سلێمانیش لەگۆشت، وتی “بەپێی وەرزەكان جیاوازە، هەروەها بۆنەكانی وەك چەژنی رەمەزانو قوربانیش ژمارەی ئاژەڵا سەربڕین زیاد دەكات، بەساڵی پار 2013دا لەپارێزگای سلێمانیدا 325 هەزارو 489 سەر مەڕو 62 هەزارو 280 سەر بزنو 52 هەزار رەشەوڵاخ سەربڕاون، لەسێ مانگی یەكەمی ساڵی 2014شدا 85695 سەر مەڕو 9600 سەر بزنو 18579 رەشەوڵاخ سەربڕاون”.
وتیشی “لەپارێزگای سلێمانیدا چەندین مەجزەرەی تایبەت هەن، لەقەڵادزێو رانیەو دەربەندیخانو هەڵەبجەو شارەزوورو چەمچەماڵاو تەكیەو سەیدسادق كە هەریەكەو بەپێی ژمارەی خۆی رۆژانە ئاژەڵا سەردەبڕێت، مەجزەرەی قەرەگۆلیشمان هەیە كە تایبەتە بۆ شاری سلێمانی”.