بەهای یۆرۆ كە دراوی یەكگرتوی وڵاتانی ئەوروپایە بەردەوامە لە دابەزین بەراورد بە دۆلاری ئەمەریكی، بەشێوەیەك چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵدا بەهاكەی لەگەڵ دۆلاردا یەكسان ببێتەوە و لە ساڵی (2017)شدا یۆرۆ نزمترین ئاستی تۆمار بكات.
بانكی گۆلدمان ساكس بۆ وەبەرهێنان لە ئەمەریكا، پێشبینیەكانی خۆی بۆ ئایندەی بەهای یۆرۆ ئاشكرا كرد و پێیوایە داهاتوی ئەو دراوە بەرەو دابەزینی زیاترە و هیچ گەشبینیەكی ئەو تۆ نیە بۆ بەرزبونەوەی، بەشێوەیەك تا كۆتایی ئەمساڵ لەگەڵ دۆلاری ئەمەریكی هاوتا دەبێتەوە و دواتر زیاتریش دادەبەزێت.
ئەم هەفتەیە بەهای یۆرۆ كەمترین ئاستی تۆمار كرد بەراورد بە (12)ساڵی رابردو ئەوەش دوای ئەوەی بەهای یەك یۆرۆ بۆ (1.0494) دۆلار دابەزی، بەڵام ئەو بانكە چاوەڕوانی داشكانی زیاتری دەكات و پێیوایە تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی یەك یۆرۆ هاوتای یەك دۆلار دەبێتەوە و تا ساڵی (2017)ش یەك یۆرۆ بۆ (0.80) دۆلا دادەبەزێت.
یۆرۆ دراوی یەكگرتوی وڵاتانی ئەوروپایە و لەسەر ئاستی سیستمی دراوی نێودەوڵەتی بە دوەم دراو دادەنرێت لەدوای دۆلاری ئەمەریكیەوە لە (17) وڵاتی ئەوروپادا وەك دراوی فەرمی بەكاردێت و شەش وڵاتی دیكەی نا ئەوروپیش وەك دراوی فەرمییان بەكاری دێنن، دوای ئەوەی لەساڵی (1999)دا خرایە كار و مامەڵەی پێكرا لە ناوەڕاستی (2008)دا بەرزرترین ئاستی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی تۆمار كرد و یەك یۆرۆ گەیشتە (1.5990) دۆلار.