لە کۆنفرانسی گەشەپێدانی ئابووریی میسر لە شەرمشێخ،
وڵاتانی کەنداو، ئەوانەی بە هاوپەیمانی میسر دادەنرێن، بەڵێنی
بەخشینی بڕی 12 ملیار دۆلاریان بەو وڵاتە دا، وهک هاوکاری و خستنەگەڕی لە بواری وهبەرهێناندا.
راگەیاندنی پێدانی
ئەو بڕه پارهیە لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداوی وەک سعودیە، ئیمارات و
کوەیت، دوای ئەوە هات کە عەبدولفەتاح سیسی لە وتاری کرانەوەی کۆنفرانسەکەدا،
ئێوارەی رۆژی هەینی ١٣ی ئادار، ئاماژەی بەوەکرد کە میسر پلانی ریفۆرمی ئابووریی
داناوە و دەیەوێت گەشەی ئابووریی لەو وڵاتە کاری زیاتری لەسەر بکرێت و داوای
هاوکاریی لەو وڵاتانە و کۆمپانیا جیهانییەکانیش کرد بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە میسر
بکەن.
هەرسێ وڵاتی سعودیە،
کوەیت و ئیمارات وەک هاوپەیمانێکی میسر لەو کۆنفرانسەدا لەرێگەی سەرکردە
باڵاکانیانەوە هاوکاریکردنی ئابووریی میسریان دووپاتکردەوە و شێخ سەباح جابر سەباح
ئەمیری کوەیت لە وتارێکیدا لەو کۆنفرانسە رایگەیاند، کە وڵاتەکەی بڕی 4 میلیار
دۆلاری ئەمریکی دەخاتە خزمەت پرۆسەی وەبەرهێنان لە میسر.
دوابەدوای کوەیت،
ئەمیر موقرن جێنشینی سعودیە بەهەمانشێوە بڕی 4 ملیار دۆلاری وەک هاوکاریی بۆ میسر
راگەیاند و دواتریش شێخ راشد ئال مەکتوم جێگری سەرۆکی ئیمارات لە وتاری
خۆیدا بە هەمانشێوە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ میسر راگەیاند.