رێكخراوی‌ كاری‌ شه‌فافیه‌ت، گومان له‌داخستنی‌ دۆسیه‌كه‌ی‌ قایمقامی‌ سلێمانی‌ ده‌كات

له‌به‌رامبه‌ر داخستنی‌ دۆسیه‌كه‌ی‌ قایمقامی‌ پێشووی‌ سلێمانی‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌، رێكخراوی‌ كاری‌ شه‌فافیه‌ت بۆ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌، گومان له‌داخستنی‌ كه‌یسه‌كه‌ ده‌كات‌و داواش له‌دواكاری‌ گشتی‌ ده‌كات جارێكی‌ تر داوای‌ ته‌میزكردنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌كه‌ بكه‌ن.
 له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ، رێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، “ئێمه‌ وه‌كو رێكخراوێكی‌ مه‌ده‌نی‌ كه‌ كار له‌سه‌ر شه‌فافیه‌ت‌و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كه‌ین داوا له‌دواكاری‌ گشتی‌ سلێمانی‌‌و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ین بۆ جارێكی‌ تر داوای‌ ته‌میزكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ن، چونكه‌ گومان له‌داخستن‌و كپكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كه‌ ده‌كرێت”.
له‌دانیشتنی‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو 18/11/2012ی‌ دادگای‌ سلێمانیدا، دادگا بریاریدا به‌ته‌واوی‌‌ دۆسیه‌ی‌ زیاده‌ره‌ویكردن‌و فراوانكردنی‌ گوندی‌ قوله‌ره‌یسی‌ شاری‌ سلێمانی كه‌ به‌دۆسیه‌كه‌ی‌ قایمقامی‌ پێشوی‌ سلێمانی‌ ناسراوه‌، دابخات، هاوكات دادگا بریاری‌ ئازادكردنی‌ سه‌رجه‌م تۆمه‌تبارانی‌ دۆسیه‌كه‌یدا.
رێكخراوی‌ كاری‌ شه‌فافیه‌ت بۆ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌، داواش له‌دادوه‌ران ده‌كات‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا بپارێزن‌و خۆیان دوور بگرن له‌ده‌ستتێوه‌ردانی‌ حیزبی‌‌و حكومی‌ له‌كاره‌كانیان.
داوایه‌كی‌ دیكه‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دادگایه‌كی‌ كراوه‌ بۆ دۆسیه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ر بكرێت‌و تێیدا رۆژنامه‌نوسان‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌شداری‌ دادگاییه‌كه‌ بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ری‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ دادگاكان‌و گومانی‌ ده‌ستتێوه‌ردان نه‌مێنێت.”
له‌دۆسیه‌كه‌ی‌ قایمقامی‌ سلێمانیداو بەتۆمەتی بەرتیل وەرگرتن لەچاوپۆشیكردن‌و زیادەرۆیكردن لەدابەشكردنی زەوی‌و زاری حكومەتدا، به‌تایبه‌تی‌ له‌گوندی‌ قوله‌ره‌یسی سه‌ر به‌سلێمانی‌‌، چەند مانگێك لەمەوبەر پێنچ كه‌س دەستگیركران‌ كه‌ یه‌كێكیان قائیمقامی‌ پێشووی‌ سلێمانی، زانا حه‌مه‌ساڵح بوو كه‌ له‌مانگی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵدا له‌روداوێكی‌ نادیاردا له‌ئاسایشی‌ سلێمانی‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا.
دواتر له‌رێكه‌وتی‌ شه‌شی‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو، دادگا بریاری‌ ئازادكردنی‌ تۆمه‌تبارێكی‌  ئه‌و دۆسیه‌ی‌ ده‌ركرد به‌ناوی‌ (ر، م) كه‌ پله‌ی‌ موقه‌ده‌م بوو له‌فه‌وجه‌كه‌ی‌ عومه‌ر فه‌تاحی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتیدا‌.
18ی‌ ئه‌م مانگه‌ش دادگا بریاری‌ ئازادكردنی‌ هه‌رسێ تۆمه‌تباری‌ دۆسیه‌كه‌یدا كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ (ش، ئ) پیشه‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌، (ح، ح) پیشه‌ی‌ بازرگانه‌، (ع، م) فه‌رمانبه‌ری‌ حكومه‌ته‌ كه‌ زیاتر له‌شه‌ش مانگه‌ زیندانیكراون، به‌وه‌ش دۆسیه‌كه‌ داخرا.