گەنم وەك ستراتیژترین بەروبومی كشتوكاڵی لەجیهاندا سەیردەكرێت، كە رۆڵێكی گەورەی لەئاسایشی ئابوریو ئاسایشی نەتەوەییو ئاسایشی خۆراكدا هەیە، بەو پێیەی سەرچاوەی بژێوییو پارووی زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی جیهانە، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە ماوەی سێ ساڵە بڕی بەرهەمهێنانی گەنم لەپارێزگای سلێمانی لەبەرزبونەوەدایە، ئەو دەڵێت “گرفتی گەورەمان ئەوەیە سایلۆمان نییە”.
جەمال ئیسماعیل كەریم، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند كە سلێمانی هەر بەناو سایۆلۆی تیایە، دەنا سایلۆمان هەر نییە، ئەو وتی “ئەو سایلۆیەی هەمانە هەیكەلێكە ساڵی 1980 دروستكراوە، بەڵام بەر لەوەی تەواو بێت بەهۆی شەڕی عێراقو ئێرانو بەهۆی بۆردومان كردنیەوە لەلایەن فڕۆكەكانی ئێرانەوە، ئەو كۆمپانیا روسیەی كاریان تێدا دەكرد دەستیان لێهەڵگرتو بەناتەواوی بەجێیانهێشتو رۆشتنەوە بۆ روسیا، ئێستا ئێمە لەسلێمانی سایلۆمان نییە”.
وتیشی “ئەوەی هەمانە هەندێك گۆڕەپانو گەنجینەی بێ مواسەفاتە كە بەشێوازێكی سەرەتایی گەنمیان تێدا دادەنرێت، ئەوانەی دەیبینن سەریان سوڕ دەمێنێت كە ئەو گەنمە جوانە ئێستا هەمووی لەگۆڕەپانی یاریو سەرجادەی قیرو ئەو شتانەدایەو ئەم سایلۆیە بەم شێوەیە توانای هەڵگرتنەوەی نییە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد ئەگەر ئەم سایلۆیە كاری تێدا بكرایەو تەواو بوایە، توانای ئەوەی هەبوو 64 هەزار تەن گەنم بگرێت.
سەبارەت بەهەڵڕشتنی گەنمیش لەناو گۆڕەپانو سەر جادەی قیری سایلۆكەدا، ئەو وتی “مەترسسیەكە تەڕبونە، وشكبونە، پیسبونە، دزینەو لافاو بردنیەتی، هەڵگرتنەوەی گەنم بەم شێوەیە ئەوەی بڵێی شتی باش تێیدا بەدیناكرێت”.
وتیشی “هەموو ساڵێك زیانمان لێكەوتووە بەهۆی ئەو شتانەوە كە ئاماژەم پێدان، دیارە ئەگەر تۆ سایلۆت هەبێت وەك ئەوە وایە شتێك لەپەرداخێكدا دابنێیت كە بەتاڵت كرد ترسی زیانلێكەوتنیت نییە، بەڵام بەم شێوەیەی ئێستا بەشۆفڵاو حەفارە بار دەكرێتو ئەمەش دەبێتە هۆی هاڕینیو لەویا لەت دەبێتو مواسەفاتی تیا نامێنێت”.
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی جەغت لەوە دەكاتەوە كە ساڵانە بەرهەمی گەنم لەسنووری پارێزگای سلێمانی لەزیادبوندایەو بەرهەمی ئەمساڵی گەنم بەراورد بەساڵی پار 30% زیادی كردووە، ئەو وتی “لەساڵی 2012دا 96 هەزار تەن گەنممان هەبوو، ساڵی 2013 بوو بە140 هەزار تەن، ساڵی 2014 بووە بە 200 هەزار تەن، واتە رێژەی بەرهەمهێنانی گەنم 60 هەزار تەن زیادیكردووە لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەراورد بەساڵی پار”.
وتیشی “بڕی گەنم ساڵا بەساڵا زیاد دەكاتو سایلۆكەش هەر كۆنو پەڕپوتەو توانای لەخۆگرتنی ئەو بڕەی نییە كە بەرهەمدێت”.
ناوبراو باس لەوە دەكات كە چەند ساڵێكە داوا لەحكومەتو وەزارەتی بازرگانیو ئەنجومەنی پارێزگا دەكەن بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم گرفتە بكات، ئەو وتی “ئێستا چەند سایلۆیەك دروستدەكرێت، یەكێكیان لەپیرەمەگرون كە 80 هەزار تەن گەنم دەگرێت، یەكێكی تریشیان لەرانیە 40 هەزار تەن دەگرێتو لەسەیدسادق سایلۆیەك كە 40 هەزار تەن گەنمی تێدا هەڵدەگیرێت، لەكەلاریش هەروەها، كە بەهەر چواریان توانای لەخۆگرتنی 200 هەزار تەن گەنمیان هەیە، داواكارین پەلەی تیا بكرێتو كاری بەردەوامی تیا بكرێت بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو تەواو بنو گرفتی هەڵگرتنەوەی گەنم چارەسەر بن”.
دەربارەی پێویستی ساڵانەی پارێزگای سلێمانیش بەگەنم، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی وتی “هەر 35 رۆژ جارێك وەجبەیەك ئارد دەدرێت، واتە لەساڵەكەدا 10 بۆ 11 جار ئارد دەدرێت، هەر جارەی پێویستمان بەزیاد لە 20 هەزار تەن گەنم هەیە، واتە پێویستمان بە 200 هەزار تەن بۆ 220 هەزار تەن گەنم دەبێت لەساڵێكدا، ئێستا دڵخۆشین بەوەی كە پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2014 توانای دابین كردنی پێویستییەكانی خۆی لەگەنم هەیە، ئەگەر لافاوو كارەسات نەبێت یان ئاگر نەكەوێتەوەو شتێك روونەدات لەسایلۆكەداو گەنمەكە خەسار نەكات، تا مانگی چوارو پێنجی ساڵی 2015 كێشەممان نابێت، ئەوكاتە دەستدەكرێتەوە بەوەرگرتنەوەی گەنم”.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەكات كە پارێزگای سلێمانیو كوردستانیش خاوەنی چەندین دەشتی بەپیتن بۆ بەرهەمهێنانی گەنمو ئەمەش زەمینە خۆشكەر دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراك بەمەرجێك بەباشی كارو سەرمایەگوزارییان تێدا بكرێت، ئەو وتی “كوردستان توانای ئەوەی هەیە زیاد لەپێویستی خۆی گەنم بەرهەم بهێنێت، بەمەرجێك ئەگەر
تۆژینەوەی كشتوكاڵیو هاوكاری كردنی جوتیارو دابین كردنی تۆوی باشو دابین كردنی پەیینو ئامێرو ماشێن بۆ كەرتی كشتوكاڵا مسۆگەر بكرێت”.
وتیشی “هیوادارین زەوی كشتوكاڵی نەكرێنە ڤێلاو باخی تایبەتیو ئەم پڕۆژەی نیشتەجێ بوونانەش لەشوێنە بەردەڵانەكاندا بكرێت نەك لەشوێنە بەراییەكان كە بۆ كشتوكاڵا گرنگن، چونكە مانەوەو سەربەرزی هەر میللەتێك لەوەدایە خۆی پێبژێنرێت”.