بیرۆكەیەكی گەورە لەمێشكتاندایە، بیر لەدەستكردن بەنەخشەی كارێكی نوێ دەكەنەوە، گرفتی دارایتان نیەو ئامادەن كۆمپانیایەك دابمەزرێن، سەڕەرای ئەم شتانەی كە زۆرجار لەدەسپێكی هەر كارێكدا خەڵكێك لەبیری دەكەن، چەند هەڵەیەك هەن كە زۆربەی دامەزرێنەرانی كۆمپانیاكان ئەنجامیدەدەن.
ئەم خاڵانەی خوارەوە هۆشدار كردنەوەو پێشنیارێكە كۆمەكتان دەكات بۆ رێگرتن لەسەرهەڵدانی كێشەو گرفت بەسەرەتای دامەزراندنی كۆمپامیاكانتاندا، تا دەرفەتی سەركەوتنتان زیاتر بۆ دەستەبەر بێت.
1/ هۆكارێكی راستو شیاوت بۆ دەستپێكردنی ئەم كارە نییە
ئەگەر تازە وازت لەكاری پێشووت هێناوە، لێگەڕێ ماوەیەك تێپەڕبَت تا بتوانیت خاڵی لاوازو بەهێزی خۆت بەئەندازەیەك بناسیت بەرلەوەی پارەو وزەی خۆت بخەیتە كارێكی مەترسیدارەوە، مەگەر ئەوەی پێشتر لێكۆڵینەوەی تەواوت كردبێتو نەخشەی كارێكت داڕشتبێت كە هەموو لایەنەكانیت لەبەرچاو گرتبێت.
2/ پلانی درێژخایەنت بۆ ئەم كارە نییە
كەسێك كە كۆمپانیایەك دادەمەزرێنێت، پێویستە بەروونی ساڵی یەكەمی لەبەرچاو بێت، دڵنیا بێت لەوەی بۆ لەسووددا مانەوەی كۆمپانیاكەی بۆ ساڵانی ئایندە پلانو نەخشەی لەسەردا بێت. پێویستە گوڕوتینتان هەبێت بۆ بەئەنجامگەیاندنی نەخشەكانتان، بەڵام ئەگەر نمونەیەكی باشتان لەبەردەستدا نییەو بەئەندازەی تەواو لەبازاڕی كارت نەكۆڵیوەتەوە، دڵنیابە كە سەركەوتوو نابیت.تەنها ئەو كۆمپانیایانە سەركەوتوو دەبن كە بەتەواوی لەدەرفەتی بازاڕكردن دەكۆڵنەوەو هەمیشە خۆیان سەرلەنوێ رێكدەخەنەوەو بەرهەمو خزمەتگوزاری خۆیان پەرە پێدەدەنو فراوان دەكەنەوەو لەهەوڵی بەرزكردنەوەی دەرامەتو سوودو قازانجیاندان.
3/ بۆ بەدەستهێنانی سەرمایە لەگرفتدایت
ئاگاتان لێبێت كە بەجارێك هەموو پاشەكەوتو سەرمایەتان نەخەیتە ئەم كارەوە، بەقەرزو قۆڵیش سەرمایەی خۆت پێكەوەنەنێیت. پارە وەرگرتن لەدۆستانو كەسوكار مومكینە پەیوەندی شەخسیتان لەگەڵا ئەوان تێكبدات، لەبەرئەوە خاوەن بانكەكانتان رەزامەندییان نەنواند لەسەر بڕیارەكانی ئێوە، پێویستە زیاترز زیاتر بیر لەپلانو نەخشەی كارتان بكەنەوە.
4/ توانای بەڕێوەبردنت نییە
چونكە دەتەوێت كارێكی تاك لایەنە دەستپێبكەیت، پێویستە هەموو كارەكان خۆتان ئەنجامیبدەن: وەرگرتنی كارمەندو بەڕێوەبردنو دەركردنی كارمەندان. پێویستە توانای بەڕێوەبردنت هەبێت تا بتوانیت وا لەكارمەندانت بكەیت لەكاتی زۆركاریدا بێ هیوا نەبنو كار بەجێنەهێڵن، پێویستە حەوسەڵەو پلانت هەبێو پیشەیی كار بكەیت.
5/ پێتوایە بەتەنها دەتوانیت هەموو كارەكان ئەنجامبدەیت
دامەزرێنەرێكی باش پێویستە بزانێت كە چ كاتێك بەدوای پسپۆری پیشەییدا بڕوات تا بتوانێت كەمێك هاوكاریو راوێژیان لەگەل بكات لەكاتێكدا كە خۆی كاری گەورەو گرنگی لەدەست نایەو بەخاوەنی كۆمپانیاش دادەنرێت. هاوكارێكی دڵنیابەخش بەكاربهێنە تا بپرژێتە سەر وردەكاری كاروبارەكانەوە، بەم كارە تا ئەندازەیەكی زۆر لەخەم دەڕەخسێیت.
6/ “بەڵێ قوربان” بەكەڵكتان نایە
سەرۆكێكی بەتوانا تیمی كارمەندانی لەكەسانێك هەڵدەبژێرێت كە بەتوانان، نەك ئەو “بەڵێ قوربان”گۆیانەی كە تەنها خەریكی ماستاوكردنن، ئێوە پێویستان بەو راوێژكار، هاوكارو كارمەندانەیە كە جێی متمانە بنو راستگۆیانە پارێزگاری لەبەرژەوەندیتان بكەن.
7/ واز لەریكلام كردن دەهێنی
گرێبەستی بەسوودت بەستوەو خەریكی پارەپەیداكردنیت، بەڵام كاتێك كەوتیتە ئەمجۆرە مەسەلانەوە، ئیتر ئەوە فەرامۆش دەكەیت كە ئەمە بەتەنها بەس نییەو دەبێت كەمێك دووربینتر بیت، كار لەسەر ناوبانگ پەیداكردنی بەرهەمەكەتان بكەو هەوڵبدە ئەو رێگەیانە بدۆزیتەوە كە بەرەو ناوبانگو ئیعتبارت دەبەن. بەریكلام یان بەهەر ئامڕازێكی تر كە دەتوانیت ئەم كارە ئەنجام بدەیت.
8/ بیر لەركەبەرەكانت ناكەیتەوە
كاتێك كە كارو بیرۆكەیەكی نوێت خستەكار، دڵنیابە هەمیشە رەكەبەرێكت هەیە چاوەڕوانی پەی بردن بەبیرۆكەو ئایدیای ئەوانی ترن. كاتێك كە خەڵكی سەركەوتنی ئێوە دەبینن، هەوڵا ئەدەن ركەبەریتان بكەن، بۆ ركەبەریی كردن هەمیشە ئامادەبەو ئەوە لەبەرنامەو نەخشەی كارتاندا جێبكەرەوە.
9/ خەرجییەكانتان بەرزدەبێتەوە
رەنگە بەشێك لەخەونەكانتان كۆمپانیایەكی جوانو رازاوە بێت بەباشترین كەلوپەلو گرانترین كەرەسەی دیزاینەوە، بەڵام پەلە مەكە لەدروستكردنی كۆمپانیایەكی بەمجۆرەدا، كەمێك كاتی دەوێت، خەرجكردنی هەموو پارەو پولتان بۆ ئەو شتانە، لەسەرەتای كاردا شیاوو ماقوڵا نییە.
10/ نەخشەی ئەلتەرناتیڤت نییە
كەس حەز ناكات بیر لەئەگەری سلبیو خراپ بكاتەوە، بەڵام وەك دامەزرێنەری كۆمپانیایەك پێویستە چاوەڕوانی رووداوی نەخوازراو بیت. ئەو رووداوو گرفتانەی هەمیشە لەكەمیندان، پێویستە ئێوە بۆ رووبەڕوو بونەوەی ئەم جۆرە گرفتانە لەئامادەیی تەواوو پێویستدا بن.
ئا: راگەیاندنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی