لەگەڵ پێگەیشتنى
وەرزى بەرهەمى ناوخۆیى لە ناوەراستى مانگى نیسانى ئەمساڵەوە کار بە خشتەى قەدەغەکردنى
سەوزەو میوە دەکرێت و بە پێى پێویستى بازار هاوردەکردنى سەوزەو میوە کراوە دەبێت.
بە مەبەستى دانانى
ئامادەکاریەکان بۆ دابینکردنى بەرهەمەکانى سەوزەو میوە لە سنورى پارێزگاى سلێمانى ،
ئەمرۆ 4شەمە 4/3/2015 ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لە دیوانى قائیمقامییەت لەگەڵ
لیژنەى چاودێری بەرهەمى سەوزەو میوەى هەناردەو ناخۆدا کۆبوویەوە. لەکۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە
بەو بەرهەمانەکرا کە لەمانگى رابردوو لە عەلوە و بازارەکانى شارى سلێمانى ساغکراونەتەوە.
لەوبارەیەوە رزگارحەمەخدر
جێگرى بەرێوەبەرى ڤێترنەرى سلێمانى رایگەیاند: بەهۆى وەرزى زستان و سەرماو سۆڵە و نەبوونى
ژوورى پلاستیکى پێویست کە بتوانێت بەرهەمى سەوزەو میوە بۆ ناوخۆ دابینبکات ، لە مانگى
رابردوودا نزیکەى 14 هەزار تۆن سەوزەو 10 هەزار تۆن میوەى هاوردەکراوە، لە بەرهەم هێنانى
قارچکیشدا پشت بە بەرهەمى هەردوو پرۆژەى پێنجوێن و هەولێر بەستراوە کە رۆژانە تواناى
دابینکردنى هەزارو 400 تۆن قارچکیان هەبووە.
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا
ئاماژە بەوەشکرا: بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرهەمى ناوخۆ، کە لە مانگى نیساندا پێدەگات بریاردرا
کار بە خشتەى قەدەغەکردنى سەوزەو میوە بکرێت و بەرەچاکردنى بەرووبوومى ناوخۆ و بە پێَى
رێنمایە گومرکییەکان هاوردەکردنى بەرهەمەکانى سەوزەو میوە کراوە دەبێت ، بە جۆرێک کە
زیان بە بەرووبوومى ناوخۆ نەگەیەنێت ، هەروەها لەلایەن وەزارەتى کشتوکاڵ و داراییەوە
چاودێری بکرێت.
بە پێى رێنماییە
نوێکە یەک کیلۆ سەوزەى هاوردە برى 250 دینار گومرکى ئەچێتە سەر و بۆ هەر کیلۆیەک میوە
350 دینار ، و بۆ یەک کیلۆ قارچکیش برى 1000 دینار گومرکى دەچێتە سەر.
هەرلە کۆبونەوەکەدا
قائیمقامى سلێمانى تیشکى خستە سەر پشتبەستن بە بەرهەمى ناوخۆ و رایگەیاند: بۆئەوەى
بتوانین لە وەرزى زستان و سەرماو سۆڵەدا پشت بە بەرهەمى ناوخۆ ببەستین پێویستمان بە
دانانى پلانێکى تۆکمەى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان هەیە تاوەکو بە هەماهەنگى
لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە پێى گۆرانکارى کەش و هەوا ئامادەکارى بکرێت بۆپشت بەستن
بەرهەمهێنانى بەرهەمى ناوخۆ لە وەرزە جیاوازەکانى ساڵدا.