مالكی‌ به‌توندی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه‌

نوری‌ مالكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق به‌توندی‌ وه‌ڵامی‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیای‌ دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی‌ ناوخۆی‌ عێراق.
دوێنێ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا رایگه‌یاند، حكومه‌تی‌ عیراق، گه‌لی‌ عیراق به‌ره‌و شه‌ڕێكی‌ ناوخۆی‌ په‌لده‌كێشێت.
له‌به‌رانبه‌ردا مالكی‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند توركیا روبه‌ڕووه‌ی‌ بارودۆخی‌ ناوخۆیی بووه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ نیگه‌ران كردووه‌و پێویسته‌ ئه‌ردۆغان گرنگی‌ به‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ ناوخۆیی له‌توركیا بدات.
مالكی‌ ئامۆژگاری‌ ئه‌ردۆغان ده‌كات چاره‌سه‌ری‌ كاروباری‌ كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بكات و راشیگه‌یاندووه‌ گه‌لی‌ توركیا گۆڕانكاریی ده‌وێت به‌هۆی‌ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی‌ توركیا به‌ڕێوه‌یده‌بات.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت توركیا هه‌لێكی‌ باشی‌ له‌به‌ده‌ستدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ عێراق په‌یوه‌ندی‌ باشی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رێزگرتن و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌كاروباری‌ ناوخۆیی، جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ جه‌نگی‌ ناوخۆیی له‌عێراق روونادات.
سه‌باره‌ت به‌وته‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕ كردبوو له‌سه‌ر نه‌وت، مالكی‌ رایگه‌یاند حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ رێگه‌ به‌وه‌نادات و پارێزگاری‌ له‌نه‌وت ده‌كات وه‌كو موڵكی‌ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان.