لە سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانی، هەڵمەتی رووخاندنی سەرجەم زیادەڕۆییەكانی سەر موڵكی گشتی دەستپێدەكات و لە دەستپێكیشدا ژمارەیەك سیاج كە بۆ باخ و ڤێلـلاكانی گوندێكی سەر بە ناحیەی بەكرەجۆ ئامادەكرابوون، تێكدران.
لەچوارچێوەی هەڵمەتی نەهێشتن و لابردنی زیادەڕۆییەكان لە سەر موڵكی گشتی، بەشی زیادەڕەوی لەشارەوانی بەكرجۆ (20) سیاجی لەسنوری گوندی عەزیز ئاوا تێكدا، كە ئامادەكرابوون بۆ دروستكردنی باخ و ڤێلـلا.
لوقمان رەئوف فەقێ، بەڕێوبەری ناحیەی بەكرەجۆ ڕاگەیاند: ئەم هەڵمەتە دەستپێكێكە بۆ ڕووخاندن و لابردنی سەرجەم زیادەڕۆییەكان كە دەكرێتە سەر موڵكی گشتی لەلایەن هەندێ بازرگان و هاوڵاتییەوە لە سنوری گوندی عەزیزئاوا.
عەزیزئاوا یەكێكە لە گوندەكانی سنوری ناحیەی بەكرەجۆ، بەپێی ماستەرپلانی نوێی شاری سلێمانی، دەكرێتە یەكێك لە گەڕەكەكانی ئەو شارە، بەڵام بەهۆی بوونی زیادەڕۆییەكی زۆر لەسەر موڵكی گشتی و تێپەڕاندنی ئەو رووبەرەی كە لە ماستەرپلانەكەدا بۆ سنووری ئەو گوندە دیاریكراوە، تا ئێستا نەتوانراوە سنووری راستەقینەی ئەو گوندە جێگیر بكرێت.
پێشتریش شارەوانی بەكرەجۆ هەڵمەتێكی بۆ رووخاندنی بناغەی چەند خانوێكی ئەو گوندە ئەنجامدا، كە بەشێوەی نایاسایی لەسەر موڵكی گشتی لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروستكرابوون.
بەڕێوبەری ناحیەی بەكرەجۆ وتیشی: پێشتر بەڵێنی لابردنی سەرجەم زیادەڕۆییەكانی ئەو گوندە درابوو، لەئێستادا تاكو دامەزراندنی خاڵێكی ئەمنی بۆ پاراستنی ئەو ناوچەیە بەردەوام دەبین لە لابردنی سیاج و باخە نایاساییەكان.