لەم رۆژگارەدا، ئەگەر بتەوێت كارو بازرگانیتان پێشكەوێتو بەسوود بێت، بردنی بۆ نێو دنیای ئینتەرنێت كارێكی پێویستە، لەبەرئەوە پێویستە ئاگات لەوە بێت كە ناوی بازرگانیتان بۆ ئینتەرنێت ئاشنا بێت، بەو مانایەی بەكاربەرانی ئینتەرنێت گرفتیان لەوەرگرتنی زانیاری لەبارەی كاری ئێوەوە لەڕێگەی ناوی بازرگانیتانەوە نەبێت.
بەر لەهەر شتێك ئەگەر دەتەوێت سوود لەئینتەرنێت وەربگریت بۆ كارو بزنسی خۆت، پێویستیت بەوێبسایتێكی یاساییە كە سەرچاوەی سەرەكی بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی براندتان بێت. لەبەرئەوە پێویستە ناوێكی بازرگانی هەڵبژێریت كە زۆر بەئاسانی لەلایەن خەڵكەوە بەگشتی لەبەر بكرێتو لەیادەوەریدا بمێنێتەوەو ناوێكی ئاڵۆزو ناڕێك نەبێت. تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكیش لەئایندەدا لەبەرچاو بگریت، كە پێویستە ئەدرێسی ئیمەیلو پەیجی فەیسبوكتان ناوی بازرگانیتان بێت.
هەرچەندە براندی ئێوە سادەو ئاسانتر بێتە سەر زمانو گۆ كردن، زۆر باشتر دەم بەدەم دەگوازرێتەوە، هەرچەندە ژمارەی وشەكانیشی كەمتر بێت، مانەوەی لەهزرو لەبەركردنیشی ئاسانتر دەبێت. كەواتە ئەگەر دەتەوێت دڵنیا بیت لەوەی خەڵكی دەتوانن براندی ئێوەیان لەبیرنەچێت، لەبیرتان نەچێت كە سادەیی باشترین رێگەیە.
جگە لەسادەیی، ناوە بازرگانیەكان پێویستە سەرنجڕاكێشیش بن تا بتوانن هەستو نەست بورژێننو خەڵكی حەز بەدروستكردنی جۆرێك لەپەیوەندی لەگەڵیان بكات، ئەوەی كە ناوی بازرگانیتان زۆر بەوردیو راست ودروستی هەڵبژێریت یارمەتیدەرو هەنگاوێكە بۆ سەركەوتنی كارەكەتان.
بەرلەوەی چەند نمونەیەك ناوی بازرگانی بۆ كاری خۆتان كاندید بكەیت، وا چاكە لێكۆڵینەوەیەك دەربارەی ئەو ناوە بازرگانیانانە بكەیت كە ركەبەرەكانتان هەڵیانبژاردووە، لێكچونێك لەنێوان براندە جیاوازەكاندا دیاریبكەو هەوڵبدە ناوە هەڵبژێردراوەكەی تۆ لەوەی ئەوان نەچێت. بەواتایەكی تر پێویستە ناوی بازرگانی ئێوە زۆر جیاواز بێت. كاتێك كڕیار بیەوێت لەنێوان چەند براندا لەبوارێكدا یەكێكیان هەڵبژێرێت، كامەیان پێشتر سەرنجی رادەكێشێت؟ بەدڵنیایی ئەوەیان كە ناوی بازرگانیەكەی لەوانی تر ناچێت.
ناوو ماركەی بازرگانی تەواو پەیوەستن پێكەوە، لەبەرئەوە هەوڵبدە براندێك بۆ بزنسی خۆتان لەبەرچاو بگرن، كە خەڵكی بتوانن پەیوەندییەك لەنێوان ناوی بازرگانیو ماركەی بازرگانیتان بەدیبكەن. بۆ نمونە لەبراندی (Apple) بڕوانە كە لۆگۆیەكی زۆر راستەوخۆو دیاری لەشێوەی سێوێكدا هەیە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی بتوانن زۆر بەئاسانی ئەو براندە لەیادەوەرییاندا بمێنێتەوە، بۆچی؟ چونكە لەبری ئەوەی تەنها پشت بەیادەوەری زمانی خۆیان ببەستن، دەتوانن لەیادەوەری بینینی خۆشیاندا بیهێڵنەوە.
ئێستا كە دەزانی پەیوەندی نێوان ناوو لۆگۆی بازرگانی چەند گرنگە، پێویستە بیر لەناوێك بكەیتەوە ئازادییەكی زیاترتان بۆ دروستكردنی لۆگۆ پێدەدات، بەشێوەیەكی ئاسایی لۆگۆ وێنەییەكان زۆر بەهێزترن لەلۆگۆ وشەییەكان، لەبەرئەوە وا باشترە بیر لەناوێكی بازرگانی بكەیتەوە كە سیمبولی شتێك بێت. بۆ نمونە لۆگۆی وێنەیی ئەبڵا “Apple”بەلۆگۆی وشەیی مایكرۆسۆفت “Microsoft” بەراورد بكە، بەدڵنیایی پێتوایە كە بەیادەوەریی سپاردنو ناسینەوەی یەكەمیان ئاسانترە تا دووەمیان.
ناوی بازرگانی بۆ ئەوەی فرۆشێكی زیاتر دەستەبەر بكات، پێویستە توانای كارو بزنستان دەربخات، دەبێت لەهەڵبژاردنی ناوی بازرگانیدا سوود لەتوانای بزنستان وەربگریت سەبارەت بەو جۆری خزمەتگوزاریو بەروبومەی كە دەیخەیتەڕوو بۆ كڕیار. گرنگترین شت ئەوەیە كە ناوی بازرگانیو براندەكان پەیوەندییەكی تۆكمەیان لەگەڵا بزنسەكەی خۆیاندا هەبێت.
ئا: راگەیاندنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی