ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەراورد بەساڵی رابردوو كەمی كردووە

بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان “عەبدولرەحمان عەلی حسێن” لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی ئاماژە بەوە دەكات “سیاسەتی ئاوی ئێرا سیاسەتی بڕینی ئاوە سنووریەكان و گۆرینی رێرەوی ئاوەكانە بۆ ناو سنوورەكانی خۆی”.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: ڕێژەی ئاو لە ئێستادا لەبەنداوی دەربەندیخان لەچ ئاستێكدایە؟ بەبەراورد بەساڵانی تر كەمی كردووە یان بەپێچەوانەوە؟
 
بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: بڕی ئاو لە بەنداوەكە لە چاو ساڵی پار 225000000 م3  دوو سەدو بیست‌و پێنج ملیۆن مەتر سێجا كەمترە كە بەرامبەر 6.42 م ستوونی ئاوە، ئەمەش ئاماژەیەكی خراپە چونكە لەكۆتایی مانگی كانونی دووەمین‌و هێشتا 2/3ی بەنداوەكە بەتاڵە، بەواتای لەكۆی 2.57 ملیار مەتر سێ‌ جا تەنها 0.9 ملیار مەتر سێ‌ جا ئاوی تێدایە، كە بەرامبەر 26.5 م بەرزیی بەتاڵە.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: ڕۆژانە چەند كاتژمێر ئاو بەر دەدرێتەوە؟ ئەو ئاوە تەنها بۆ بەرهەمهێنانی كارەبایە یان بۆ كشتوكاڵ سودی لێدەبيندرێت؟
 
بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: لەمانگی كانونی یەكەمی 2013 ئاوێكی زۆر بەردرایەوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ، ئەم مانگە كەمی كردووە بەڵام هێشتا بە تێكڕا  40 میگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنرێت لە وێستگەی دەربەندیخان.ئەو ئاوەی بەردەدرێتەوە بۆ كارەبا لە خوارووی بەنداوەكە بۆ پێویستیەكانی خواردنەوەو كشتوكاڵ سودی لێ‌ دەبینرێت.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: سیاسەتی ئاوی ئێران چ كاریگەرییەكی هەبووە لەسەر ئاوی دەربەندیخان؟
 
بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: سیاسەتی ئاوی ئێران سیاسەتی بڕینی ئاوە سنووریەكان‌و گۆرینی رێرەوی ئاوەكانە بۆ ناو سنوورەكانی خۆی، ئەو پرۆژانەی لە سەر رووباری سیروان‌و چەمەكانی دەستیپێَكردووە، لە ئایندەی نزیكدا كاریگەرییەكی زۆر دەكاتە سەر ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان‌و هاوكات كاریگەری بۆ سەر ناوچە عەرەبنشینەكانی پارێزگای دیالەو ناوەڕاستی عێراق دەبێت.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئەگەر زانیاریت لابێت هەر تاكێك لە دەربەندیخانەدا ساڵانە چەند مەتر ئاوی پێویستە؟
 
بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: ئەگەر چی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان فەرمانگەی سەربەخۆی خۆی هەیەو پەیوەندی راستەوخۆی بە ئێمەوە نییە، بەڵام بە دڵنییاییەوە شاری دەربەندیخان كێشەی كەم ئاوی نییە، ئەوەندەی كێشەی وێستگەی پاكژكردنەوەو پاڵاوتنی ئاوی هەیە، كە ئێستا لەقۆناغی جێبەجێكردندایە.
 
بازرگانی‌و پیشەسازی: بەبڕوای تۆ گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاوی كوردستان چییە؟
 

بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: ئەوەی بەپێویستی دەزانم بوترێت ئەوەیە كە هەرەشەكانی داهاتوو لەسەر سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم تەنها كەمیەتی ئاو نییە، مەترسی گەورە گرفتە ژینگەییەكان‌و خراپبوونی جۆری ئاوە، كە بەنداوی دەربەندیخان لەماوەی جەنگی عێراق ئێرانەوەو بەتایبەت لەكیمیابارانی هەڵەبجەوە لە 1988و دەریاچەكە سەنگەری پێشەوەی شەڕەكە بووەو تەواوی ئەو تۆپ‌و مین‌و بۆمب‌و تەقەمەنییانەی بەكارهێنراون لافاو بەرەو ناو دەریاچەكەی راماڵیون، ئێستاش هەر لەشاری سلێمانییەوە تا شارو شارۆچكەكانی ناوچەی شارەزوورو كەناری چەمی تانجەرۆ، هەرچی پاشەڕۆی پیشەسازی، ،شارەوانی، تەندروستی، كشتوكاڵی، پاڵاوگەكانی بەرهەمە نەوتییەكان، مەوادی ئێكسپایەر، زبڵخانەكان لەگەڵ لافاودا بۆ ناو دەریاچەی دەربەندیخان بەبێ‌ چارەسەرو فلتەری زانستیانەی ئەو پاشەڕۆیانە دەرژێنە ناو دەریاچەكەوە، ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە لەئاسایشی ئاوی هەرێم كە لەچەم‌و رووبارەكانی تریش هەمان كێشە بوونی هەیە.

 
 
 
 
ئا: راگەیاندنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی