بە سەرپەرشتی دكتۆر ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی و لە ژێر دروشمی “لە نەورۆزی بەرگریدا هەموومان پێشمەرگەین” لە شاری سلێمانی ڤیستیڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵ بەشێوەیەكی خۆبەخشانە بەرێوەدەچێت.
دوێنێ 2ی ئازاری 2015، لە پارێزگای سلێمانی، لیژنەی ئامادەكاری ڤیستیڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵ كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان ئەنجام دا.
لە كۆنگرەكەدا تیشك خرایە سەر شێوازی یاد كردنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و چالاكییەكانی ڤیستیڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری سلێمانی.
ئیبراهیم ئەحمەد وەتەبێژی لیژنەی ئامادەكار، رایگەیاند: هەرچەندە شەڕێكی ناڕەوا سەپێنراوە بەسەر میللەتەكەماندا لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعشەوە، بەڵام نەورۆز سبمولی راپەرین و ئازادی و بەرخۆدان و تێكۆشانی ئەم نەتەوەیە و تاكە جەژنێك كە هەموو نەتەوەی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان كۆبكاتەوە، بۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنانی ئەم نەتەوەیە، بریارمانداوە وەك ساڵانی رابردوو ئەم یادە بكرێتەوە و ئەم جەژنە پیرۆز بكرێت وەك جەژنێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی.
ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان ئەم یادە پێشكەش دەكرێت بە گیانی پاكی شەهیدان و بە پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەو رۆڵانەی نەتەوەكەمان كە لە خۆرئاواو باشوری كورستان بە درێژایی هەزاران كیلۆمەتر دەجەنگن دژی تیرۆر.
وتەبێژی لیژنەی ئامادەكاری نەورۆز راشیگەیاند: لیژنەكە ئامادەكاری و بەرنامەرێژی كردووە و بڕگەو بابەتەكەكانی لە ساڵانی رابردوو جیاواز دەبێت و زیاتر گیانی بەرگری و قوربانیدان و بەرخۆدانی تێدایە و گرنگی بەهەموو ئەو شەهیدانە دەدرێت كە لەم بەشەی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستان گیانی خۆیان بەخشیووە بە كوردستان.
وتەبێژی لیژنەی ئامادەكاری ڤیستیڤاڵی نەورۆز داواشی كرد هاووڵاتیان بە ژن و پیاوەوە جلی پێشمەرگانە بپۆشن ، ئەم یادە بكرێتە سەرنگەرێك دژی داگیركەران و تیرۆریستانی داعش.
ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی: تا 7ی مانگی ئازار دەرگا كراوەیە بۆ هەر كەسێك كە بییەوێت بەشداری بكات لەم یادە دەتوانێت پەیوەندی بكات بە بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری بەشی راگەیاندن بۆ بەرهەمەكانی بناسێنت و جێگەیان بۆ بكرێتەوە.
وتەبێژی لیژنەی ئامادەكاری ڤیستیڤاڵی نەورۆزی سلێمانی دووپاتیشی كردەوە هیچ جۆرە بودجەو بڕە پارەیەك بۆ ئەم مەراسیمە دانەنراوە و هەموو كارەكان خۆبەخشانەی.
بەرێوەبەری فەرمانگەی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراونی سلێمانیش رایگەیاند: بەشداری هەموو بەرێوەبەرایەتییەكانی شەهیدان و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و چەمچەماڵ و قەڵادزێ خۆبەخشانەیە پێشانگایەكی وێنەی و بەڵگەیی شەهیدان دەكەینەوە و وێنەی زیاد لە 1000 شەهیدی تێدا نمایش دەكەین.
هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا محەمەد فەتاح بەرێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی لەبارەی چالاكییەكانی ڤیستیڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵەوە رایگەیاند: چەندین چالاكی هونەری جۆراو جۆر پێشكەش دەكرێت و چەندین ستەیج بە درێژای شەقامی سالمی شاری سلێمانی ئامادە دەكرێت و چەندین گروپی هونەری بەرهەم پێشكەش دەكەن، بەڵام سیمای ئاهەنگ سازی پێوە دیار نابێت، بەڵكو تایبەتمەندی بەرگری و رێزگرتن لە شەهیدان و خانەوادەكانیان لە خۆی دەگرێت .
بەرێوەبەری رۆشنبیری تەئكیدی كردوە ڤیستیڤاڵەكە جیاواز دەبێت لە ساڵانی رابردوو، وتی: ڤیستیڤاڵی ئەمساڵ ئاهەنگێران نییە و رەنگ و بۆنێكی تری دەبێت و سەرجەم گروپە هونەرییەكان سرود و گۆرانی نیشتیمانی و بەرگری پێشكەش دەكەن.
هەر لە كۆنگرەكەدا مامۆستا نەجمەدین بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند: لەنەورۆزدا خوێندكاران و مامۆستایان بەشدار دەبن بۆ ئەوەی پشتیوانی زیاتر بن بۆ هێزی پێشمەرگەو بەرزكردنەوەی گیانی نیشتیمان پەروەری لە نێو خوێندكاراندا.
سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی ڤئیستڤاڵەكە، ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند:ئەمساڵیش بە زیادەوە ئامادەكاری ئەمنی كراوەو هێزە ئەمنییەكانیش رێشوێنی پێویست دەگرنە بەر بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ڤیستیڤاڵەو دڵنیاشین خەڵكی سلێمانی چاوكراوەن و هاوكار و پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان دەبن بۆ زیاتر پاراستی ڤیستیڤاڵەكە.
ئا: راگەیاندنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی