كچه‌ خوێندكارێكی‌ زانكۆ له‌هه‌ولێر به‌ حه‌ج و عه‌مره‌ شوو ده‌كات

لارا ره‌شید 20 ساڵ خوێندكاری‌ كۆلێجی‌ ئادابی‌ زانكۆ سه‌ڵاحه‌دین به‌شی‌ ده‌رونزانی‌ شوی‌ به‌ كوڕێك كردووه‌و به‌ ماره‌یی پێشه‌كی‌ حه‌جێك و پاشه‌كیه‌كه‌ش عه‌مره‌یه‌ك.



لارا ده‌ڵێت كاتێك ئه‌و كوڕه‌ هاتووه‌ته‌ خوازبێنی‌ و ئه‌ویش رازی‌ بونی‌ نیشانداوه‌ پێی‌ وتووه‌ كه‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها سه‌فه‌رێكی‌ ماڵی‌ خوای‌ پێ بكات.



رونیشیكردووه‌ته‌وه‌ “كاتێك ئه‌و داواكاریه‌م كرد كوڕه‌كه‌ زۆر پێی سه‌یر بوو، زۆر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵدام بۆ ئه‌وه‌ی‌ داواكاریه‌كه‌م بگۆڕم به‌ڵام نه‌مگۆڕی‌، ئێستاش ده‌ستگیراندارین و زۆریش به‌خته‌وه‌رم”.



لارا نمونه‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ كچێكی‌ هاوڕێی ماره‌یه‌ییه‌كه‌ی‌ یه‌ك كیلۆ زێڕ بووه‌و دوای‌ مانگێك جیابونه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت “بۆیه‌ به‌خته‌وه‌ری‌ به‌ زێرو زیو نییه‌”.



سه‌باره‌ت به‌ بۆچونی‌ هاوڕێكانی‌، لارا ده‌ڵێت “كوڕان ده‌ستخۆشیم لێده‌كه‌ن و كچانیش ده‌ڵێن خۆت فرۆشتووه‌، به‌ڵام من خۆم نه‌فرۆشتووه‌”.